مامۆستایێکی خەڵکی شاری سەقز سزای بەندکران و قامچی

مامۆستایێکی خەڵکی شاری سەقز سزای بەندکران و قامچی

پەیامی کورد...مامۆستایێکی خەڵکی شاری سەقز سزای بەندکران و قامچی بەسەردا سەپێندرا

 

مامۆستا و ئەندامی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان، لقی سەقز، بۆ جاری دووەم لە یەک ساڵی ڕابردوودا لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

 

ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندووە، لەم دواییانەدا سلێمان عەبدی، مامۆستای خەڵکی سەقز بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە لە دژی نیزام" لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەم شارەوە سزای ٨ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

 

بە پێی هەواڵی هەنگاو، لەلایەن لقی ١٠٥ی دادگای تاوانەکانی دووی سەقز بە تۆمەتی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی لە ڕێگای بەشداریکردنی لە گردبوونەوەی نایاسایی لە گۆڕستانی ئایچی" سزای ٨ مانگ بەندکردن و ٧٠ جار لێدانی قامچی بەسەردا سەپێندرا.

 

ئەو جۆرەی لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، سزای ٨ مانگ بەندکرانی ئەم مامۆستایە گۆڕاوە بۆ ٧٢٠ کاتژمێر وانەوتنەوە بەو کەسانەی کە لە ژێر چاودێری "کۆمیتەی ئیمداد"دان و سزای ٧٠ جار لێدانی قامچیشی بۆ ماوەی دوو ساڵ و شەش مانگ هەڵسەپێندراوە.

 

ئەم چالاکەی پیشەیی مامۆستایان، لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی ڕەشەممەی ٢٧٢٢، لە شوێنی کارەکەی خۆی بە شێوەیەکی نایاسایی و بەبێ هەبوونی بەڵگەی بڕیاری دادوەر لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی شاری سەقز دەستبەسەرکرا و بۆ دەستبەسەرگەی ئەم ئیدارەیە لە سنە گواسترایەوە.

 

سلێمان عەبدی لە ڕۆژی ١٦ی خاکەلێوەی ئەمساڵ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە بۆ دەستبەسەرگەی ناوەندیی سنە گواستراوە و لە کۆتاییدا دوای ٢٣ ڕۆژ دەستبەسەرکران لە ڕۆژی ٢١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ بەدانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی هەتا کاتی تەواوبوونی دادگاییکردنی لە بەندیخانەی ناوەندیی سەقز ئازادکرا.

 

سلێمان عەبدی پێشتریش لە ساڵی ٢٧٢٢، بە هۆی چالاکییەکانییەوە لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەرکرابوو.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە