پەیامی کورد … ئەنجومەنی وەزیران لەسەر پرۆژە بودجەی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٨ی نیسانی ٢٠٢١، بەسەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و یەکێک لە تەوەرەکانیش پرۆژە بودجەی هەرێمی کوردستان و کێشەی وشکەساڵی دەبێت.
لە ڕاگەیەندراوێکدا فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیران لەسەر چەند پرسێک کۆدەبێتەوە، یەکێک لەوانە خستنەڕووی پرێزنتەیشنێک دەبێت سەبارەت بە دوا ژمارەکانی پرۆژەی بودجەی هەرێم بۆ ساڵی 2021.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە خستنەڕووی دەرەنجامی کۆبوونەوەی لیژنەی تایبەت بە ڕوبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی لە هەرێم دەبێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە هەر لەکۆبوونەوەکەدا باس لەم تەوەرانەش دەکرێت:
ـ خستنەڕووی چەند یاسایەک کە وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان ئاراستەی سکرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی کردووە بۆ دەنگدانی کۆتایی و پێشتر ئەم پڕۆژە یاسایانە خراونەتە بەردەم ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران:
١. خستنەڕووی پڕۆژەیاسای (دادگای تاوانکاریی تایبەتمەند بە تاوانەکانی داعش لە هەرێمی کوردستان ـ عێراق) و هاوپێچەکەی (ڕێساکانی ڕێکار و کۆکردنەوەی بەڵگەکان).
٢. خستنەڕووی پڕۆژەیاسای (بەرکارکردن و هەمواری پیادەکردنی یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازیی هەردوو کەرتی تایبەت و تێکەڵاو.
٣. خستنەڕووی ڕەشنووسی هەموارکردنی یاساکانی (یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، یاسای بازرگانی) تایبەت بە بابەتی (ناوی بازرگانی و تۆماری بازرگانی).
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە