ئەنجوومەنی نۆژین بۆ پشتیوانیکردن لە مامۆستایانی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە

ئەنجوومەنی نۆژین بۆ پشتیوانیکردن لە مامۆستایانی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە

پەیامی کورد... ئەنجوومەنی نۆژین بۆ پشتیوانیکردن لە مامۆستایانی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە

ئەنجوومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی "نۆژین" لە سنە، بۆ پشتیوانیکردن لە ناڕەزایەتیی مامۆستایانی کوردستان، ڕاگەیەنراوێکی بaاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

نەتەوەی بیرمەند و خۆڕاگری کورد!

بنکەی پەروەردە وەکوو هەموو بنکە و دیاردەکانی مودێڕنیتە لە هەناوی خۆیدا هەڵگری دوو تایبەتمەندی و لایەنی جیاواز و دژبەرە. پەروەردە لە مودێڕنیتەدا، سەرەڕای ڕەخساندنی دەرفەتی جیاواز بۆ ئاوەزی جیهان و بە دامەزراوەیی کردنی لێکۆڵینەوە و بارهێنان بۆ هەنگاونان بەرەو ناسین و تێگەمەندکردنی مرۆڤ، جیهان و پەیوەندییەکانی، هاوکات هەر لە سەرەتاوە بە هاتنە ئارای ڕێسای (فورمووڵی) ی زانست-دەسەڵات، ئامرازێک بۆ چاودێریکردن و ڕکێف کردن بووە.

هەبوونی ئەم دووانە دژبەرە لە هەناوی پەروەردەدا پێویستیی خوێندنەوە و توێژینەوەی ئەم دیاردەیە لە پەیوەندی لەگەڵ دیاردەکانی تر بە تایبەت چوارچێوە و فۆرمی دەوڵەت و دەسەڵاتدارەتی بەرجەستە دەکاتەوە.

 

دەوڵەت و دەسەڵاتە توتالیتارەکان، بنکەی پەروەردە وەکوو کارگەی بەرهەمهێنانی شێوازی دڵخواز و ئایدیۆلۆژی‌بردەی مرۆڤەکان سەیر دەکەن کە تێیدا دەبێ کاڵایەکی هاوشێوەی یەکسان بە ناوی مرۆڤی دەستەمۆکراو بەرهەم بێت و بە دروستکردنی بازنەیەکی بەرتەسک لە خودییەکان و ڕووبەرێکی فراوان لە ئەویدی، ئەوتر دەکەن بە دوژمن و هۆکار و پاساوی هەموو چەشنە هەڕەشە و کەموکوڕییەکانیان.

بنکەی پەروەردە لە کوردستان لە هەر سێ بواری زمان، چوارچێوە و ناوەڕۆکدا و بە درێژایی مێژوو لەلایەن گوتاری زاڵەوە وەکوو ئامرازی ڕکێف کردن کەڵکی لێ گیراوە. پەرەنەسەندنی وشیاریی هزری- کردەیی مرۆڤی کورد، دابڕانی مێژوویی، تواندنەوەی فەرهەنگی، ئەتومیزەکرانی کۆمەڵگە، داڕووخانی ئابووری و بەڕێوەبەرایەتی و... لە ئاکام و دەرکەوتەکانی سیستەمی پەروەردەیین. بۆیە ڕەخنەکاریی هەمەلایەنەی زمان، چوارچێوە، ناوەڕۆک و کار کردەکانی ئەم بنکەیە پێویستییەکی حاشاهەڵنەگری گۆڕەپانی هزری-کردەیی هەنووکەی کوردستانە.

جووڵانەوەی مامۆستایان لە کوردستان دەرخەری ئەوەیە کە جێبەجێکاران و تێکۆشەرانی ئەم بنکەیە لە بوارە جۆراوجۆرەکانەوە گەیشتوونەتە ڕادەیەک لە تەنگژە و وشیاری کە فۆرمی پێشوویان پێ قبووڵ ناکرێت و بە لێکدانەوەی خەسارەکانی سیستەمی پەروەردەیی، هەنگاوی کردەیی و بەرینیان بۆ گۆڕانی ئامانج، دەور و کار کردەکانی ئەم بنکەیە هاویشتووە.

ئەنجوومەنی نۆژین سەرەڕای ڕەخنەکاریی ڕادیکاڵی سیستەمی پەروەردە و بارهێنان و بەرزنرخاندنی تێکۆشانی مامۆستایانی وشیار و بەزاڵەهاتوو، خوازیاری ئازادکردنی مامۆستایانی بەندکراوە و وەپاڵدانی هەر چەشنە تۆمەتێک بە ئانتی‌ئوکسیدانێکی ئایدۆلۆژیک دەبینێت کە مەبەستی ڕاگیرکردن و کۆنترۆڵکردنەوەی هێزی ڕاپەڕیوە.

ئەنجوومەنی نۆژین پشتیوانیی خۆی بۆ داواکارییە نەتەوەیی، پەروەردەیی و سێنفییەکانیان دەردەبڕێت و ڕایدەگەیەنێت کە پشتیوانیکردن لە مامۆستایان ئەرکی توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگەیە و وڵامدانەوەی داواکارییەکانیان و ئازادکردنی مامۆستایانی بەندکراو ئەرکی دەسەڵاتە.

ئەنجوومەنی فەرهەنگی - کۆمەڵایەتیی نۆژین

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە