پەیامی کورد ... ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتی مەسروور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/7/29 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسروور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و بەشداری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆبووەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا ، سەرۆک وەزیران باسی ئەو کەشە ئەرێنی و لەیەکگەیشتنەی کرد کە لە ئەنجامی گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان هاتووەتە ئاراوە بۆ نەهێشتنی گرژییەکانی ناوخۆ و بەناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، دەستخۆشی لەو گفتوگۆ و دیدارانە کرد کە هەنگاوێکی گرینگە، بۆ یەکڕیزی و پشتیوانیکردنی زیاتر لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان .
دواتر سەرۆکی وەزیران ئاماژەی بە گرینگی ئامادەبوونی وەزیرانی حکوومەت لە دانیشتنی تایبەتی پەرلەمانی کوردستان دا و بە ناوی ئەنجوومەنەوە، سوپاسی کردن بۆ خستنەڕووی زانیاری و روونکردنەوەی بابەتەکانی پەیوەست بە پرسیاری پەرلەمانتارانی کوردستان. ستایشی ئەو هەماهەنگی و کارکردن بە گیانی یەک تیمی کرد، کە لە نێو کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە.
پاشان ھەریەک لە وەزیرە پەیوەندیدارەکان بە پێی تایبەتمەندیی، پوختەی پرسیار و سەرنجی پەرلەمانتارانیان لە دانیشتنی پەرلەمان لە ڕۆژانی 27- 28 ی تەمموزی 2020 بۆ ئەنجوومەنی وەزیران خستەڕوو لەسەر تەوەرەکانی تایبەت بە دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم و بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی پەتای کۆرۆنا ڤیرووس و دواتریش بابەتی دۆخی دارایی وئابووری ھەرێم و دوا پێشھاتەکانی دانووستان لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی.
ئینجا سەرۆک وەزیران تیشکی خستە سەر دوایین ئەنجامەکانی گفتوگۆی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرالی و ئاماژەی بەوە دا ، کە گفتوگۆ و دانوستان بەردەوامە و حکومەتی ھەرێم دووپاتی پابەندبوون بە ئیلتزامە دەستوورییەکانی خۆی دەکاتەوە لە بەرامبەر دابینکردنی ماف وشایستە دەستوورییەکانی ھەرێم، چەندین پێشنیاریش بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن ئالوگۆڕ کراون و ھیوای خواست لە نزیکترین دەرفەتدا، دوای پشووەکانی جەژن بگەینە ڕێکەوتنێکی ھاوسەنگ کە بەرژەوەندی هەردوولای تێدا پارێزراو بێت.
ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی لە پلان و ھەوڵەکانی خۆی بەردەوام دەبێت بۆ ڕووبەڕوبونەوەی قەیرانی دارایی و بە تایبەتیش دابینکردنی شایستەی دارایی مووچەخۆران کە ئەرکی لە پێشینەمانە.
پاشان گفتوگۆ دەربارەی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤیرووسی کۆرۆنا بە تایبەتی لە ڕۆژانی جەژنی قوربان کرا . ئەنجومەنی وەزیران ژوورەکانی ئۆپەراسیۆنی ڕاسپارد بۆ دەرکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنمایی تەندروستی نوێ لە پێناوی پاراستنی ژیان وسەلامەتی ھاووڵاتیان.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە