ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی بافڵ جەلال تاڵەبانی بە سەرۆکی ئەو حیزبە هەڵبژارد

ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی بافڵ جەلال تاڵەبانی بە سەرۆکی ئەو حیزبە هەڵبژارد

پەیامی کورد... ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی بافڵ جەلال تاڵەبانی بە سەرۆکی ئەو حیزبە هەڵبژارد

بە سەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە

لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی ڕاپۆرتێکی زارەکیی هەمەلایەنەی لەسەر دۆخی گشتیی هەرێم بە تایبەت گوزەران و ژیانی خەڵکی کوردستان، عێراق، ناوچەکە، پرسی ڕێکخراوەیی و حیزبی، پەیوەندییەکانی یەکێتی لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەکان، ڕوئیای یەکێتی بۆ داهاتوو، پێشکەشکرد و تێیدا ئامادەبووانی بەرچاوڕوونکرد لەدوایین پەرەسەندنە سیاسی و ئابووری، ئەمنییەکان و ڕایگەیاند یەکێتی وەک هێزێکی بەرپرسیار، دەربەست بە مافەنەتەوەییەکان و بەرپرسیاری نیشمانی لەسەر یەک هێڵی ستراتیژیی کوردستانی سیاسەتی خۆی بە ئەمانەتەوە جێبەجێکردووە.

ئاماژەی بەوەکرد، هەم لە هەرێمی کوردستان هەوڵمانداوە یەکڕیزیی نیشتمانی بپارێزین و کاربکەین بۆ بەهێزترکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و هەم لە عێراقیشدا توانیومانە ئەرکە نیشتمانییەکانی خۆمان جێبەجێبکەین لەسەر بنچینەی تەوافق و هاوبەشێتیی ڕاستەقینە و پاراستنی بنەماکانی دەستوور، کە سەرۆک مام جەلال و باوکە دامەزرێنەرەکانی دیموکراسی لە عێراقی نوێ بناغەیان داناوە هەروەها سەرۆک بافڵ ڕایگەیاند، «ئەم سەنگەی یەکێتی لە سیاسەتیی عێراقیدا بەرهەمی یەکڕیزیی سەرکردایەتی و یەک سیاسەتی حزبەکەی سەرۆک مام جەلالە و دەستخۆشی ئەو یەکڕیزی و گیانی بەرپرسیارێتییە حزبییەی لە هەموو هەڤاڵانی سەرکردایەتی کرد کە ئێستا وای لێهاتوو هەموو لایەنەکان متمانە بە سەنگ وپێگەو گوتاری یەکێتی بکەن».

ئەنجوومەنی سەرکردایەتی لە گفتوگۆکانیاندا دەستخۆشیان لە سەرۆک بافڵ و تیمی یاوەریکرد لە بەغداد کە سیاسەتەکانی ماوەی ڕابردوو پێگەی یەکێتی وەک زەمانی سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک مام جەلال بوژاندووەتەوە و سەنگی سیاسەتی کوردستانی لە عێراق و ناوچەکە بەرزکردووەتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دوابەدوای ئەوە بەپێی ئەجنێدای کۆبوونەوەکە گفتوگۆ لەسەر تەوەری ڕاسپاردەکانی دیداری یەکێتی و هەمواری پەیڕەوی ناوخۆ کرا.

قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری دیداری یەکێتی ڕوونیکردەوە کە ڕاسپاردەکان بەسەر سیانزە لیژنەدا دابەشکرابوون و گەڵاڵەی بیروبۆچوونی هەزاران کادرو تێکۆشەری دێرین و نوێی یەکێتییە لە هەموو ئاست و بوارەکان، تەنانەت دۆستانی یەکێتیش لە ئەکادیمست و پسپۆڕان بەشدارییان تێداکردبوو کە ئەمە دیاردەیەکی دیموکراسی حزبییە جێی دڵخۆشییە.

ئەنجوومەنی سەرکردایەتی دوای گفتوگۆ سەرجەم ڕاسپاردەکانی دیداری یەکێتی پەسەندکرد و ئۆرگان و دامەزراوەکانی یەکێتی ڕاسپارد هەریەکە و لەلایەن خۆیەوە جێبەجێیان بکات.

تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە هەمواری پەیڕەوی ناوخۆ بەپێی هەلومەرجی نوێی ژیانی حزبایەتی یەکێتی.

ئاماژە بەوەش کرا، لیژنەی پەیڕەو سەرجەم ئەو گۆڕانکارییانەی خستەبەردەم ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کە بۆ گەشەکردنی ژیانی حزبایەتیی یەکێتی پێویستن دوای گفتوگۆی تێروتەسەلی هەڤاڵانە پەیڕەوە نوێیکە پەسەندکرا.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، «پاشان بەپێی پەیڕەوی نوێ کە سیستەمی هاوسەرۆکی نەهێشت، بۆ تەئکیدکردنەوەی ئاسایی و نەریتی حزبایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی، خۆی کاندید کرد بۆ ئەرکی سەرۆکایەتیی یەکێتی و ئەنجوومەنی سەرکردایەتیش بافڵ جەلال تاڵەبانی بە سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڵبژارد.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە