ئەنجوومەنی ئاسایش سەرچاوەی هێرشەکەی سەر هەولێر ئاشکرا دەکات

ئەنجوومەنی ئاسایش سەرچاوەی هێرشەکەی سەر هەولێر ئاشکرا دەکات

پەیامی کورد... ئەنجوومەنی ئاسایش سەرچاوەی هێرشەکەی سەر هەولێر ئاشکرا دەکات

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم سەرچاوەی هێرشەکەی شەوی ڕابردووی سەر هەولێر ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت، "ئەو درۆنەی بۆ ئەو هێرشە بەکار هاتووە لە سنووری شارۆچکەی پردێ لە لایەن میلیشیای حیزبوڵڵاوە ئاراستەی هەولێر کراوە".

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٩-٦-٢٠٢٢ ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، "هێرشی تیرۆریستیی شەوی ڕابردوو بۆ سەر هەولێر، درێژەی ئەو هێرشانەیە کە بە مەبەستی گوشار بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێن، ئەو درۆنەی بۆ ئەو هێرشە بەکار هاتووە لە سنووری شارۆچکەی پردێ لە لایەن میلیشیای حیزبوڵڵاوە ئاراستەی هەولێر کراوە".

ئاماژە بەوەشدراوە، "دوای هێرشەکە چەندین سایتی فەرمیی سەر بە هێزێکی ناوچەیی، وەک جارانی پێشوو، وایان بڵاو کردووەتەوە کە لەم هێرشەدا ئۆتۆمبێلێکی سەر بە مۆسادی ئیسرائیلی بە ئامانج کراوە و گوایە کەسێکیش کوژراوە، ئەوان لەوانەیە بتوانن ئەو درۆ و دەلەسانە دەر خواردی ڕای گشتی خۆیان بدەن، بەڵام بۆ خەڵکی هەولێر و هەرێم کە بە چاوی خۆیان شوێن و جۆری هێرش و لێکەوتەکانیان بینی، ئەم هەواڵانە بووەتە مایەی گاڵتە جاری".

ئەوەشی خستووەتە ڕوو، "ئەوانەی ئەو بانگەشەیە دەکەن، دەیانەوێت شکست و لاوازیی خۆیان پەردەپۆش بکەن، ئەگەرنا با ئاسایشی ناو جەرگەی پایتەخت و شارەکانیان بپارێزن".

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "هەرێمی کوردستان هیچ کات پێگەیەک نابێت بۆ هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە، لە هەمانکاتیشدا ڕایدەگەیەنین کە ئەو وڵاتانە دەبێت ڕێز لە سەروەریی خاک و گەلی هەرێمی کوردستان و عێراق بگرن".

ئەوەش لە کاتێکدایە، کاتژمێر ٩: ٣٥ی شەوی ڕابردوو، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو خۆی دەکێشێت بەسەر ڕێگای پیرمام هەولێر و لە ئاکامدا سێ هاووڵاتی بە سووکی بریندار دەبن، هاوکات زیانی ماددی بە خواردنگەیەک و چەند ئۆتۆمبێلێک دەکەوێت.

 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە