پەیامی کورد ... نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمەریكا ڕایدەگەینێت، واشینتۆن دەخوازێت هەرێمی كوردستان ئابوورییەكی بەهێزی هەبێت. دەشڵێ، لەمەودوا پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا، فراوانتر و بەهێزتریش دەبن.
بەیان سامی عەبدولڕەحمان، ڕاگەیاند: "پشتیوانییەكانی ئەمەریكا بۆ هێزەكانی پێشمەرگە درێژەیان دەبێت، ویلایەتە یەكگرتووەكان و شانشینی یەكگرتوو و ئەڵمانیا ڕاوێژ و ئامۆژگاریی وەزارەتی پێشمەرگە دەكەن لە بواری چاكسازی لە وەزارەتدا، سەركەوتنی ئەم چاكسازییەش، یەكێك لە مەرجەكانی مەشقكردن و هاوكاریی دیكەی ئەمەریكایە بۆ پێشمەرگە".
بەیان سامی دەشڵێ: "لەم چەند مانگەی دواییدا چەندین كۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی دەرەوە و ئەندامانی كۆنگرێس كردووە، یەكێك لە بابەتە سەرەكییەكان بە تایبەت لە بوودجەی بەرگریی ٢٠٢٠ی ویلایەتە یەكگرتووەكان، دابینكردنی بڕێك پارەیە بۆ هاوكاریی دارایی و تەكنیكی و مەشق و ڕاهێنان بە هێزە عێراقییەكان، لەو بڕەپارەیەش كە بۆ عێراق تەرخان كراوە، بەشێك دیاری كراوە بۆ هێزەكانی پێشمەرگە، ئێمە لە ئێستاوە تاوتوێی پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٠ و بەشی پێشمەرگە دەكەین لەگەڵ ئەو لایەنانەی ئاماژەم پێ كردن. ئەوان بە ڕوونی باسی ئەوە دەكەن كە درێژەی چاكسازییەكان لە وەزارەتی پێشمەرگە پڕبایەخە بۆ بەردەوامیی هاوكاریی ئەمەریكاییەكان، بەڵام ئەوەمان بیر نەچێت كە سەرەڕای هاوكاریی سەربازی و مەشق و ڕاهێنان، ئەمەریكا بە شێوەی تریش هاوكاریی گەلی كورد دەكات".
لەبارەی تێڕوانینی ئەمەریكا بۆ كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەیان ئاماژەی دا: "ئەمەریكاییەكان دواخستنی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی هەرێمی كوردستان بە ئاستەنگێك دەزانن لە بەردەم پێشكەوتنی هەرێمی كوردستاندا. ئێمە خۆشمان پێمان وایە كە دواخستنەكە كاریگەریی خراپی هەیە لەسەر هەرێمی كوردستان، ئەمەریكاییەكانیش پێیان خۆش نییە پێكهێنانی حكوومەتی نوێ دوا بكەوێت، بەڵام دەستتێوەردانیش ناكەن و پەلەی لێ ناكەن، پەیوەندییان بە دانوستانەكان و ئاخاوتنەكانەوە نییە و باسی ئەوە ناكەن كامە لەناو حكوومەت بێت و كامە لەناو حكوومەت نەبێت".
ناوبراو هەروەها تێڕوانین و سیاسەتی ئەمەریكا دەخاتە روو و دەڵێـت: "ئەمەریكا دەزانێت كە لە هەموو دۆخەكاندا پێویستی بە هەرێمی كوردستانە و كوردستانیش پێویستی بە ئەمەریكایە، ئێمە لای ئەمەریكاییەكان نموونەیەكی سەركەوتووین بۆ عێراق و ئەوەش دەربڕینی ئەمەریكییەكان خۆیانە، كە كوردەكان پێویستن بۆ پرۆسەی دیموكراتیزەكردن و بەمەدەنیكردنی عێراق".
بەیان سامی، سەبارەت بەدروستكردنی گەورەترین كۆنسووڵگەریی ئەمەریكا لە هەولێری پایتەخت، دەڵێـت: "لە دیپلۆماسییەتدا، تەنانەت دانان و شوێنی ئاڵایەك، كورسییەك، مانا و مەغزای خۆی هەیە، شێوە و قەبارەی كۆنسووڵگەرییەكی لەو جۆرەش لە هەرێم، گەلێك مانا و سیمبۆلیزم دەبەخشێت، كە ڕەنگدانەوەی بایەخپێدان و گرنگیی كوردستانە لای ئەوان".
نوێنەرەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمەریكا، پلان و كارنامەی نوێنەرایەتییەكەی دەخاتە روو و دەڵێ: "پێشتر جەختمان دەكردە سەر كاروباری هاوكاریی سەربازی و ئاسایش و هاوكاریی مرۆیی، ئەمەش لەبەر ڕەوشی كوردستان و لێشاوی پەنابەر و ئاوارە، خۆ ئەو بوارانەی وەك سەربازی و ئاسایش و هاوكاریی مرۆیی هەر گرنگن و بە گرنگییش دەمێننەوە، بەڵام پێویستە لە نوێنەرایەتیی كوردستان لە واشنتن و لە هەولێریش كار بكەین لەسەر بەرفراوانتركردن و قووڵتركردنەوەی پەیوەندیی نێوان كوردستان و ئەمەریكاش بۆ بوارە فەرهەنگییەكان، وەك پەیوەندیی نێوان زانكۆكان، سەردانیكردنی شاندی دەستگا میدیاییەكان لە نێوان هەردوو وڵاتدا بە مەبەستی لێكتێگەیشتنی زیاتری فەرهەنگی، هەروەها ئەنجامدانی فێستیڤاڵ و چالاكییە فەرهەنگییەكان گرنگن، لەگەڵ ئاڵوگۆڕی شاندی بازرگانیدا، بۆیە هیوادارین بتوانین شاندێكی بزنسی ئەمەریكا بهێنین بۆ كوردستان لە حوزەیرانی ئەمساڵدا، ئەمەش بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی حكوومی و كۆمەڵگەی بزنس و كاری كوردستان، تا ئێستاش ١٢ كۆمپانیا ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە كە زۆربەیان نوێن و یەكەم جاریانە سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن و پێشبینی دەكەم ئەم ژمارەیە زیاتریش بكات، بۆیە لەمەودوا پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا فراوانتر و بەهێزتریش دەبن".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە