پەیامی کورد … نووسینگهی رێكخهر بۆ راسپارده نێودهوڵهتییهكان له حكوومهتی ههرێمی كوردستان وهڵامی راپۆرتێكی رێكخراوی لێبووردنی نێودهوڵهتی دەداتەوە
ئەمڕۆ سێشەممە نووسینگهی رێكخهر بۆ راسپارده نێودهوڵهتییهكان له حكوومهتی ههرێمی كوردستان، وهڵامی راپۆرتێكی رێكخراوی لێبووردنی نێودهوڵهتی دایەوە سهبارهت به پرسی ئازادی رادهربڕین و سهروهری یاسا له ههرێمی كوردستان.
له بهیاننامهیهكی نووسینگهی رێكخهر بۆ راسپارده نێودهوڵهتییهكاندا هاتووه "حکوومەتی هەرێم ئەو بەهایانەی گرتووهتەوە ئامێز کە پێویستن بۆ بەرجەستەکردنی وڵاتی دامەزراوە، کۆمەڵگەیەکی مەدەنی هاوچەرخ و پشت دەبەستێت بە ستراتیژی پتەو بۆ داڕشتنی یاسا و رێسا بەشێوەیەک کە لەبەرژەوەندی ئازادییە تاکەکەسییەکان بێت".
ههروهها دەڵێ "بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ساڵی رابردوودا، ئاڵنگارییەکی زۆری خسە بەردەم حکوومەتی هەرێم. لە بەرامبەردا، حکوومەت پاراستنی تەندروستی گشتی لە بەرچاو گرتووە. بەتایبەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە میدیایەکان کرد کە هانی خەڵکی نەدەن بۆ سەرپێچیکردنی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندرووستی لە پێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتیان. سەرئەنجام، ئەوانەی رێنماییەکانیان شکاند و گردبوونەوەیان ئەنجامدا و ئەو میدیایانەشی هانی سەرپێچیکردنیان دەدا، دووچاری رێکاری یاسایی بوونەوە، بەڵام حکوومەت، بەدەر لە رێکاری یاسایی، هیچ کەسی لەسەر ئەم پرسە دەستبەسەر نەکردووە".
له بهشێكی دیكهی بهیاننامهكهدا هاتووه "لە راستیدا، لەو گردبوونەوانەی راپۆرتەکەی ئەمنستی ئاماژەی پێداون، هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لێکرا و کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان و خەڵکی مەدەنی برینداربوون، هەروەها زیانی زۆر بە موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت کەوت".
له بهشێكی دیكهی بهیاننامهكهدا هاتووه: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان میدیای ئازاد بە کۆڵەگەیەکی گرنگی حوکمڕانی و توخمێکی بنەڕەتی دیموکراسی دەزانێت. ئێمە شانازی دەکەین کە کوردستان میدیای ئازاد و بێ بەندوباوی هەیە، نموونەی بەرجەستەکردنی بەهاکانی ئازادی رادەربڕین و ئازادی راگەیاندنە لە ناوچەکە و هەمیشە پێویستی هەیە بۆ بەرەوپێشبردنی دۆخەکە".
له بارهی سیستهمی یاسایی و دادوهری ههرێمی كوردستانیشهوه، له بهیاننامهكهدا روونكراوهتهوه، كه "حکومەتی هەرێم داوای لە نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق (یۆنامی) و نووسینگەی تایبەتی کۆمیسیاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ کردووە تا هاوکار بن لە بەرەوپێشبردنی سیستەمی یاسایی. هاوکات، ئێستا هەماهەنگی لەگەڵ بەریتانیا هەیە بۆ راهێنان بە دادوەران".
ئاماژهی بهوهش داوه "حکومەتی هەرێم رێککەوتنی لەگەڵ کۆمیتەی خاچی سوور هەیە، و بە گوێرەی رێککەوتنەکە لایەنی ناوبراو بۆی هەیە بێ مۆڵەت سەردانی تەواوی زیندانی و سەنتەری چاکسازییەکان بکا لە هەرێم. یۆنامییش بەم دواییانە مۆڵەتی سەردانی پێدراوە. لە ژێر رۆشنایی ئەم رێککەوتنە، یۆنامی 14 سەردانی ئەنجامداوە و چاوپێکەوتنی لەگەڵ 60 زیندانی ئەنجامداوە".
ئاشكراشی كردووه، "وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بانگهێشتکراون بۆ بەرەوپێشبردنی چاکسازیی یاسایی و دادوەرییەکان لە هەرێم. هەروەها، دامودەزگاکان سەبارەت بە پرسی ئازادییەکان لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەندیکای رۆژنامەنووسان لە گفتوگۆ دان".
له كۆتایی بهیاننامهكهشدا هاتووه "حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەواو پابەندە بە حوکمی یاسا و بە پرۆسەی یاسایی دادپەروەرانە و بێلایەن و ئازادی راگەیاندن کاری لەپێشینەیەتی، حکوومەت لەگەڵ هاوتا نێودەوڵەتییەکان کاردەکات بۆ دڵنیابوون لەوەی، کە کوردستان بەتەواوی پابەنده بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، بە تایبەتی لە بواری ئازادی میدیادا".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە