پەیامی کورد … ڕاگەیەنراوێک لە مەسرور بارزانییەوە لەبارەى ’’هەنگاوێکی ئیجابی یەکێتی ئەوروپا’’
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لەبارەی بڕیاری یەکێتی ئەورووپا بۆ لابردنی عێراق لە لیستی ئەو وڵاتانەی کە مەترسی زۆری سپیکردنەوەی پارەیان لە سەرە بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 10/1/2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاندووە: "پێشوازییەکی گەرم لە بڕیاری یەکێتی ئەورووپا دەکەم بۆ لابردنی عێراق لە لیستی ئەو وڵاتانەی کە مەترسی زۆری سپیکردنەوەی پارەیان لە سەرە، لەم ساڵانەی دواییدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا، بەهەماهەنگیی لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، پێکەوە کاریان کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی باربووکردنی دارایی تیرۆر و تۆڕەکانی تاوان، لە نێویشیاندا ئەنجامدانی زیادکردنی ئاشکرا و ئاڵۆگۆڕ و کاروباری نایاسایی بە دراو".
دەشڵێت: "چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری دارایی گشتی و شێوازەکانی ئەنجامدانی گرێبەست و ڕێکارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەکان و فرۆشتنی نەوت بە شێوەیەکی ڕوون و شەفاف کە لەلایەن کۆمپانیای دیلۆیتەوە وردبینی بۆ دەکرێت، بوونەتە هۆی ئەوەی ئێمە بەهێزتر شەڕی گەندەڵی بکەین و هەروەها توانیومانە بە شێوەیەکی باشتر، چاودێری داهاتەکانمان بکەین لە ڕێگەی بەستنەوەی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سیستەمی بانکی جیهانی . ئێستاش لە ڕێگەی برەودان بە هەماهەنگیی دارایی و وەبەرهێنان لە گەڵ یەکێتی ئەوروپا، ئەنجامدانی چاکسازی لە کەرتی بانکی ئاسانتر دەبێت لە پێناو بەرژەوەندی گشتیدا".
ئاماژەشی بەوەداوە: "بۆ ئێمە لە کوردستان، ئەم بڕیارەی یەکێتی ئەورووپا، هەنگاوێکی تایبەتییە، داعش هەوڵیدا و شکستی هێنا لە تێکدانی ژیانمان. بۆیە ئێمە لەسەنگەری پێشەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکانین بۆ پەکخستن و ڕیشەکێشکردنی هەوڵەکانی بەدەستهێنانی پشتیوانی دارایی و خۆپارەدارکردن لە لایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی (گرووپی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بۆ ڕووبەرووبوونەوەی پارەدارکردنی داعش)".
روونیشیکردووەتەوە: "ئێمە ئەم گۆڕانکاریانەمان لە پێناو باشترکردنی داهاتووی خۆمان ئەنجام داوە، چونکە ئەگەر ئێمە ئەم چاکسازییە ئابووری و خۆڕێکخستنەوەمان نەکردایە و ڕووبەڕووی کێشەی بازرگانی نایاسایی نەبووبوونایەتەوە، ئێستا ئەو دەرفەتەمان بۆ نەدەڕەخسا بۆ ئەوەی لەگەڵ هاوڕێکانمان لە ئەورووپا هەماهەنگیی بکەین".
سەرۆکی حکوومەت ئەوەشی خستووەتە روو: "ئەم سەرکەوتنەی ئەمڕۆ ئێمە بەدەستمانهێناوە، هاوکات لە گەڵ داننانی ئەورووپا بە هەوڵە هاوبەشەکانی هەولێر و بەغدا، پێویستە هاندەرێکی زیاتر بێت بۆ پەرەپێدانی هەماهەنگیی نێوانمان لە پێناو دابینکردنی ئایندەیەکی گەشی ئابووری بۆ نەوەکانمان".
هەروەها لە کۆتایی پەیامەکەیدا راشیگەیاندووە: "من دڵنیام ئەمە دەبێتە وەرچەرخانێک لە هەنگاونانی کوردستان بەرەو دواڕۆژێکی جیهانیی و ئاسوودە و ئارام بۆ خەڵکی کوردستان".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە