نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان

پەیامی کورد     ...    بە گوێرەی هەواڵی ئاژانسەكانی ئابووری لە جیهان بڵاویان كردەوە ئەمڕۆ دووشەممە ٣٠ی ٠٤ی ٢٠٢٠ بەهۆی سەرهەڵدانی نیگەرانی دەربارەی بڵاوبوونەوەی شەپۆلی دووهەمی ڤیرووسی کۆرۆنا، ناڕوونی لەبارەی کاتی بوژانەوەی بازاڕە ئابوورییەکان جارێکی دیکە سەریهەڵدایەوە، بەوەش نرخی نەوت جارێکی دیکە دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.بەپێی هەواڵی ئاژانسی ڕۆیتەرز ، ئەمڕۆ دووشەممە نرخی نەوتی خاوی برێنت بە بڕی ٢٩ سەنت کەمیکرد، کە دەکاتە لەسەدا ٠.٩ نرخەکەی، لە دواین مامەڵەدا بە ٣٠.٦٨ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوەکرا.لەبەرامبەردا نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکی بە بڕی ١٧ سەنت کەمیکرد، کە لەسەدا ٠.٧ی نرخەکەیەتی و بە ٢٤.٥٧ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک لە بازاڕەکانی جیهاندا مامەڵەی پێوەکرا.

لە دوو هەفتەی سەرەتای ئەم مانگەدا، بەهۆی کەمکردنەوەی قەدەغەی هاتووچۆ و لابردنی ژمارەیەک لە رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤیرووسی کۆرۆنا لە زۆرینەی ووڵاتانی جیهان، هەروەها کەمکردنەوەی تێکڕای بەرهەمهێنانی نەوتی رۆژانە لەلایەن گەورە بەرهەمهێنەرەکانی نەوت لە جیهاندا،  نرخی نەوتی خاو بەڕێژەی بەرچاو بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی.لەئێستادا چەندین نیشانە لە ووڵاتانی چین و کۆریای باشوور و ئێران و چەندین ووڵاتی دیکەی جیهان دەرکەوتوون، کە ئاماژەن بۆ ئەگەڕی بڵاوبوونەوەی شەپۆلی دووهەمی ڤیرووسی کۆرۆنا، بەوەش جارێکی دیکە نیگەرانی وەبەرهێنەرانی لەبارەی کەمبوونەوەی خواست لەسەر ووزە لە جیهاندا لێکەوتەوە و نرخەکەی جارێکی دیکە دابەزییەوە.

لەوبارەیەوە شارەزایانی ئابووری دەڵێن، "بەهۆی زیادبوونی گەشتە نێودەوڵەتییەکان، ئەگەری دووبارە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بە جیهاندا سەریهەڵداوە، کە لەوانە ببێتە هۆی ئەوەی جارێکی دیکە پەکخستنەوەی بازرگانی و بازارە ئابوورییەکانی جیهان، ئەوەش وایکردوە خواست لەسەر بەرهەمی نەوتی خاو لەئاستی پێویستدا نەبێت".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە