پەیامی کورد ... خورماڵییەكان داوا دەكەن ناحیەكەیان بكرێت بە قەزا و بۆ ئەو مەبەستەش هەزاران واژۆیان كۆ كردووەتەوە و داویانە بە لایەنی پەیوەندیدار، پارێزگاری هەڵەبجەش دەڵێ، یاداشتی بەقەزابوونی خورماڵ لە بەردەست سەرۆك و جێگری سەرۆكوەزیرانە.
ناحیەی خورماڵ، كە كۆنترین ناحیەی كوردستانە، دانیشتووانەكەی داوای بەقەزابوونی دەكەن، پارێزگاری هەڵەبجەش، ئازاد تۆفیق، لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: "یاداشتی بەقەزاكردنی خورماڵ لە بەردەستی سەرۆك و جێگری سەرۆكی حكوومەت و وەزارەتی ناوخۆدایە".
تۆفیق گوتیشی: "لەگەڵ پێكهێنانی كابینەی نوێدا، پێمان وایە یەكێك لە كارە جیدییەكانی حكوومەت بەقەزاكردنی خورماڵ دەبێت و هەنگاوەكان بۆ بەقەزاكردنی چڕ دەكرێنەوە".
ڕۆژی (13-3-2014) لەلایەن سەرۆكی حكوومەتی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی)، واژوو لەسەر بە پارێزگابوونی هەڵەبجە كرا، لە (2-5-2015)ـیش لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە لە هۆڵی مۆنۆمێنتی شارەكە، پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە پەسەند كرا و كرایە چوارەم پارێزگای كوردستان، پاشان سەرۆك (مەسعوود باررزانی)، بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی واژۆ كرد.
هەڵەبجە لە ئێستادا لە چوار ناحیە پێك هاتووە، كە بیتین لە ناحیەكانی خورماڵ، سیروان، بیارە و بەمۆ، چالاكوانانی ناحیەی خورماڵیش بە هەزاران واژۆی هاووڵاتیانی ناحیەكەیان كۆ كردووەتەوە و داویانە بە لایەنە پێوەندیدارەكان بۆ بەقەزاكردنی ناحیەكەیان.
خورماڵ، كە 47 گوندی هەیە و ڕێژەی دانیشتووانەكەی زیاتر لە 12 هەزار كەسە، دەوڵەمەندە بە ناوچەی گەشتیاری و شوێنەوار و ساڵانە بە هەزاران گەشتیار ڕوی تێدەكەن.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە