ھاوپەیمانان جاریکی دیکە مەشق و راھێنان بە ھێزەكانی پێشمەرگە دەست پێ دەكەنەوە

ھاوپەیمانان جاریکی دیکە مەشق و راھێنان بە ھێزەكانی پێشمەرگە دەست پێ دەكەنەوە

پەیامی کورد    ...    بەڕێوبەری ڕۆشنبیری و ھۆشیاریی نیشتمانی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند : ھاوپەیمانان دووبارە لە بەرنامەیاندایە دەست بە مەشق و راھێنان بە ھێزەكانی پێشمەرگە بكەنەوە. دەشڵێ، پێشمەرگە دەكەوێتە سەر سیستەمێكی نیزامی نێودەوڵەتی.

دوای گرژییەكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران و راگرتنی بۆ ماوەی دوو ھەفتە زیاتر، ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش جارێكی تر لە بەرنامەیدایە دەست بە چالاكی و مەشقە سەربازییەكانیان لە كوردستان بكاتەوە.

لەم بارەیەوە، لیوا بابەكر فەقێ ئەحمەد، بەڕێوبەری ڕۆشنبیری و ھۆشیاری نیشتمانی وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیاند، دانیشتنێك لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و ھاوپەیمانان كراوە بۆ ئەوەی دووبارە دەست بە مەشق و راھێنان بە ھێزەكانی پێشمەرگە بكرێتەوە.

بەڕێوبەری ڕۆشنبیری و ھۆشیاریی نیشتمانی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژە بەوە دەكات، ئەو بارودۆخەی عێراق و گرژیی نێوان ئەمەریكا و ئێران، بووە ھۆی ئەوەی كە ھاوپەیمانان كەسانی خۆیان بپارێزن، بۆیە بە شێوەیەكی كاتی مەشقەكانیان وەستاند، ئێستاش لە بەرنامەدایە دووبارە ھاوپەیمانان مەشق و راھێنان بە ھێزەكانی پێشمەرگە بكەنەوە.

ھاوكات راشیگەیاند ، كوردستان پارێزراوترە وەك لە عێراق، بۆیە مەشقەكان لە كوردستان دەست پێدەكاتەوە، ناوبراو پێشی وایە، بۆ ھێزەكانی پێشمەرگە ‌گرینگییەكی زۆر باشی ھەیە،‌ ھەروەھا پێشمەرگە دەكەوێتە سەر سیستەمێكی نیزامیی نێودەوڵەتی و ھەموو بنەماكانی سەربازی لە رووی راھێنان و مەشق و جەستەییەوە پێدەكرێت، ھاوكات بەكارھێنانی چەك و ناسینی چەك و شێوەكانی شەڕ فێری ھێزەكانی پێشمەرگە دەكرێت و سوودێكی زۆری بۆ ھێزەكانی پێشمەرگە ھەیە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە