پەیامی کورد... چوار کچە خوێندکاری کورد لە سنە دەستبەسەر کران
چوار خوێندکاری دیکەی کۆلێژی تەکنیکیی کچانەی شاری سنە بە ناوەکانی تینا خدری، سەنا خودامورادی، ڕزوان بازانیقەلعە و هانیە چەهاردۆڵی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕفێندراون.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی چوارشەممە، ٢٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (١٤ی دیسەمبەری ٢٠٢٢) چوار خوێندکاری کۆلێژی تەکنیکیی کچانەی شاری سنە بە ناوەکانی تینا خدری، سەنا خودامورادی، ڕزوان بازانیقەلعە و هانیە چەهاردۆڵی، لە پێش دەرکی بەشی ناوخۆیی ئەو کۆلێژنە و لەلایەن هێزە سەرکوتکەرە حکومەتییەکانەوە ڕفێندراون.
بە وتەی شایەتحاڵان، هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشتر بە ئۆتۆمبێلێکی ڕەقەم مەدەنی لە پێش دەرکی چوونە ژوورەوەی خەوتنگەی ئەو خوێندکارانە خۆیان جێگیر کردبوو.
لە لایەکی ترەوە ڕۆژی سێشەممە، ١٩ی سەرماوەز (٩ی دیسەمبەری) بیتا وەیسی، تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی شاری پاوە، لە ڕەوتی ناڕەزایەتیی خوێندکارانی کۆلێژی تەکنیکیی کچانەی شاری سنە، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕفێندراوە.
تاکوو ئێستا لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیران و هەروەها بارودۆخی تەندروستیی ئەو خوێندکارانە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە