پەیامی کورد... گواستنەوە: ١٢٠ پاسی مۆدێرن دەهێنرێتە هەولێر و ٢٤ کاتژمێر کار دەکەن
بەڕێوەبەری گواستنەوەی هەولێر ڕایگەیاند، پرۆژەیەکی گواستنەوە لە هەولێر جێبەجێ دەکرێت کە ١٢٠ پاس بۆ هەولێر دەهێنرێن و ٢٤ کاتژمێر کار دەکەن و بۆ هەموو شوێنێک دەچن و دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی جەنجاڵی شار.
عەبدولخالق عەلی، بەڕێوەبەری گواستنەوەی هەولێر لە لێدوانێکی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی (٨ی ئایاری ٢٠٢٢) گوتی: "پرۆژەیەک هەیە بۆ هێنانی ١٢٠ پاس بۆ هەولێر کە ئێستا لە وەزارەتی گواستنەوە لیژنەیەکی بۆ پێکهاتووە، کە کار بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی سیتی پاسی هەولێر دەکات کە کۆمپانیایەک کاری دیزاینی بۆ کردووە و وەزارەت سەرقاڵی دۆزینەوەی وەبەرهێنەرێکە یان بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەت جێبەجێ بکرێت، کە ئەو پاسانە لە هەموو هەولێر دەسووڕێنەوە".
عەبدولخالق عەلی گوتیشی: "٢٤ کاتژمێر هاتووچۆ دەکەن و ئامادەکاریەکان تەواو بوونە و جەنجاڵی شار ناهێڵێت و زۆر سوودی هەیە و کاری زۆر باشی بۆ کراوە و تەنها ماوە پاسەکان بهێنن، کە تێچووی پڕۆژەکە ٣٥٠ ملیۆن دۆلارە".
عەلی ڕوونیشی کردەوە: "پاسەکان مۆدێرن و دوو تێرمیناڵی گەورەی هەیە و شوێنی سیانەکردن و شوێنی بەنزینخانە و ئیدارەی تایبەت بەخۆیان هەیە، بۆیە پڕۆژەکە گەورەیە و زۆر باشە بۆ شاری هەولێر".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە