پەیامی کورد … وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا پرسەنامەیەك ئاراستەی وەزارەتی پێشمەرگە دەكات
ڕۆژی یەكشەممە وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا لە رێگەی کۆنسوڵخانەی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر، پرسە و سەرەخۆشی لە وەزارەتی پێشمەرگە و خانەوادە و کەسوکاری ئەو دوو شەهیدەی پێشمەرگه كرد، کە دوێنێ لە پەلامارێکی تیرۆریستانی داعش لە سنووری پردێ شەهید بوون.
لەو پرسەنامەیەدا، کە ئاراستەی شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە و سەربەست لەزگین بریکاری وەزارەت و خانەوادە و تەواوی هێزەکانی پێشمەرگە کراوە، تیایدا هاوخەمی قووڵی خۆیان بۆ ئەو پەلامارە تیرۆریستیە دەربڕیوە و پشتیوانی و پشتگیری بەریتانیایان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و وەزارەتی پێشمەرگە دووپات کردووتەوە.
ئەمەی خوارەوە دەقی پرسەنامەکەیە:ـ
لە کۆڵۆنێڵ سێر چارلس سایکس بی تی بۆ عەمید روکن محەمەد سەعید لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
بەناوی وەزارەتی بەرگریی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا و کونسوڵی گشتیی هەولێر، دەمەوێت سەرەخۆشی لە وەزیر و جێگرەکەی و هەموو پێشمەرگەکان بکەم، بەهۆی شەهیدبوونی خەمبارانەی دوو پێشمەرگەی قارەمان، کە شەوی ڕابردوو هەواڵەکەمان پێ گەیشتووە، تکایە سەرەخۆشیمان بۆ کەسوکاریان و هاوکاران و پێشمەرگە بریندارەکان لەم کاتە خەمبارەدا لێ قەبوڵ بکەن.
بەردەوامبوونی نائارامی و توندوتیژی لە ناوچە کێشە لەسەرەکان، راستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئاشتی و گەشەسەندنی ئەم هەرێمە بێوێنەیە دەبێت. ئێمە پاڵپشتی ئێوە دەکەین لەشەڕی دژ بەداعش و دژی هەموو گروپە تیرۆریستییەکان، کە هەڕەشە دەکەن لە سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە، ئێمە لەگەڵ هاوکارەکانمان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، بەردەوام دەبین لە پشتیوانی و پێشکەش کردنی هاوکاریەکانمان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، هەروەها پشتیوانی لەو هەوڵ و کۆششە خێرایانە دەکەین، کە بۆ نوێکردنەوە و یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە دەیدەن. بۆ باشترکردنی ئاسایشی ناوچە کێشە لەسەرەکانیش بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی عێراقی فیدراڵ هاوکار و پاڵپشت دەبین.
بە دڵسۆزییەوە
چارلس سایکس
ڕاوێژکاری بەرگریی تایبەت لە کۆنسوڵخانەی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر ـــ هەرێمی کوردستانی عێراق
31ی تشرینی یەکەمی 2021
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە