وەزیری تەندرووستی هەرێمی کوردستان سبەی بانگهێشتی پەرلەمان دەکرێت

وەزیری تەندرووستی هەرێمی کوردستان سبەی بانگهێشتی پەرلەمان دەکرێت

پەیامی کورد   ...    بڕیارە سبەی وەزیری تەندرووستی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بانگھێشتی پەرلەمان بكرێت، سەرۆكی لیژنەی تەندرووستیش لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای كرد، ھەموو رێكارەكان بۆ بەرەنگابوونەوەی ڤیرووسی كرۆنا گیراونەتە بەر.

دكتۆر سەباح زێباری، سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی كوردستان، رایگەیاند: "سبەی دووشەممە، وەزیری تەندرووستی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بانگھێشتی پەرلەمان دەكرێت لەبارەی ئامادەكارییەكانی بەرەنگاربوونەوەی ڤیرووسی كرۆنا، چوونكە كرۆنا گەیشتووەتە ئێران و وەك بڵاو كراوەتەوە لە پارێزگای زیقاریش حاڵەتێك تۆمار كراوە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە پێویستە ھەرێمی كوردستان لە ئامادەباشیدا بێت بۆ ئەوەی رێگری لە بڵاوبوونەوەی بكرێت".

سەرۆكی لیژنەی تەندرووستی گوتیشی: "ئێمە سبەی لەگەڵ وەزیری تەندرووستی باس لە وردەكاریی خۆئامادەكردنی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەكەین، چوونكە وەزارەتی تەندرووستی و ناوخۆ رێكاری پێویستیان گرتووەتە بەر و پێویستە ھەرچی لە توانادایە بۆ پاراستنی ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت، بە تایبەتی خەڵكی ئێمە سەردانی كۆماری ئیسلامی ئێران دەكات".

زێباری جەختیشی كردەوە: "نابێت ھاووڵاتیان لە ڕووی دەروونییەوە تووشی دڵەڕاوكێ ببن، بەڵكوو پێویستە رێنماییەكانی خۆپاراستن لە ڤایرۆسەكە جێبەجێ بكەن و ھەر رێكارێكیش پێویست بێت بۆ ئەوەی رێگری بكرێت، حكوومەت دەیگرێتە بەر و چەندین رێكاریش ئێستا جێبەجێ دەكرێن، بە تایبەتی لە سنوورەكان و ژمارەیەك نەخۆشخانە و هۆتێلیش ئامادە كراون بۆ پێشوازی لە ھەر حاڵەتێك یان پشكنینی ھاووڵاتیان".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە