وەزارەتی پێشمەرگە: هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەڵامی توندی بۆ ئەو هێرشە چەپەڵانەی داعش دەبێت

وەزارەتی پێشمەرگە: هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەڵامی توندی بۆ ئەو هێرشە چەپەڵانەی داعش دەبێت

پەیامی کورد … وەزارەتی پێشمەرگە: هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەڵامی توندی بۆ ئەو هێرشە چەپەڵانەی داعش دەبێت

 

ئەمڕۆ شەممە ١ی ئایاری ٢٠٢١،  وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشەکەی شەوی ڕابردووی داعش بۆ سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە پردێ، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا جەخت کراوەتەوە کە: "رای دەگەیەنین، هێزی پێشمەرگەی کوردستان هەمیشە ساز و ئامادەیە، ئەو کردەوە دڕندانەیەی تیرۆریستان خەڵکی کوردستان و سەقامگیری و ئارامی و ئاسایشی هەرێم و ناوچەکە ناشێوێنێت".

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە:

 

راگەیەندراوێک لە وەزارەتی پێشمەرگەوە

 

لە ئەنجامی بوونی بۆشایی ئەمنی لە نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراقی، تیرۆریستانی داعش پەلاماری سەنگەرێکی لیوای ۱۰ی پیادەیان لە بەرزاییەکانی (زورگەزراو) لەسنوری میحوەری پێنج دا. پەلامارەکە لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە، بەرپەرچ  درایەوە و تیرۆریستان راو نران.

 

لێرەوە رای دەگەیەنین، هێزی پێشمەرگەی کوردستان هەمیشە ساز و ئامادەیە، ئەو کردەوە دڕندانەیەی تیرۆریستان خەڵکی کوردستان و سەقامگیری و ئارامی و ئاسایشی هەرێم و ناوچەکە ناشێوێنێت.

 

پێشتر چەندین جار هۆشداریمان دابوو، لەبارەی مەترسییەکانی تیرۆریستان لەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنییان تێدایە. بەداخەوە، هۆکاری ئەو هەلقۆستنەوەی تیرۆریستان، بوونی ئەو بۆشاییە ئەمنییەیە،کە لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەیە، بۆ ئەمەش جەخت دەکەینەوە کە ئەو ناوچانە پێویستیان بە هێزی هاوبەش و هاوکاری و هەماهەنگیی گشتگیر و هەمەلایەن هەیە لەگەڵ سوپای عیراقدا.

 

بە تیرۆریستان رادەگەیەنین، هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەڵامی توندی دەبێت بۆ ئەو هێرشە چەپەڵانەیان و دڵنیایش دەدەین بە خەڵکی کوردستان، کە ئاسایشی هەرێمی کوردستان، وەک هەمیشە پارێزراو دەبێت.

 

پرسەو سەرەخۆشی لە خانەوادەی شەهیدانی سەنگەری بەرگری نیشتمان دەکەین و سەلامەتی و شیفای خێراش بۆ برینداران.

 

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

 

۱ی ئایاری ۲۰۲۱

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە