پەیامی کورد ... سەرۆک بارزانی پێشوازی لە نوێنەری تایبەنتی سکرتێری گشتی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد
ئەمڕۆ سێشەممە ٤ـی ١١ـی ٢٠١٨ لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە یان کۆبیچ نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.
لەو دیدارەدا کە نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەبۆنەی کۆتایھاتنی ئەرکەکانی لە عێراق و ماڵئاواییکردن، سەردانی سەرۆک بارزانی کردبوو سوپاسی سەرۆک بارزانی و حکوومەتی ھەرێمی کرد کە لەماوەی کارکردنیدا پشتیوان و ھاوکاری بوونە و ھەروەھا پێزانینی بۆ ڕۆڵ و پێگەی سەرۆک بارزانی ھەبوو و ڕایگەیاند کە لە ئەورووپا و لە ڕۆژئاوادا بە چاوێکی بەرز سەیری پێگە و مێژوو و خەباتی سەرۆک بارزانی و خانەوادەی بارزانی دەکرێت.
هەروەها لەو دیدارەدا نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان تیشکی خستەسەر پڕۆسەی سیاسی عێراق و سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا بە گرینگ و پێویستی وەسف کرد و ئاماژەشی بەوەدا کە ئەو سەردانە لە لایەن عێراقییەکانەوە بە وەرچەرخانێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و مایەی ئومێد لە قەڵەم دراوە و بە پێویستیشی زانی ئەو دەرفەتەی کە لەدوای سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا ھاتووەتە ئارا بقۆزرێتەوە و بەغدایش وەڵام و ھەنگاوی ئیجابی بھاوێژێت لەبارەی سنوور و نەوت و کێشەکانی تری نێوان ھەرێم و بەغدا. ھەروەھا پیرۆزبایی بڕیارەکەی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد لە دیاریکردنی کاندید بۆ پۆستی سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکوومەتی داھاتووی کوردستان و دووپاتیشی کردەوە کە حکوومەتی ئایندەی کوردستان حکوومەتێکی کارا و بەھێز دەبێت.
لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی سوپاسی ئەرک و ماندووبوونەکانی نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد و ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواست. سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ھەرێم و بەغدا و سەردانەکەی بۆ بەغدا، سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە لە گشت قۆناغەکاندا پەیامی ئێمە پەیامی ئاشتی و دیالۆگ و لێکتێگەیشتن بووە بۆ چارەسەری کێشەکان و لەدوای ھەڵبژاردنەکانی عێراق و پێکھاتنی حکوومەتی تازە کەش وھەوایەکی تازە و ئومێدێکی نوێ درووست بووە و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیش پێویستە باوەڕمان بە دیالۆگ و زمانی ئاشتی ھەبێت و لە ھەمانکاتیشدا نیازپاکی بۆ چارەسەر ھەبێت. دیالۆگ و ئاشتیخوازی ئێمەش نابێ لەسەر حسابی پڕەنسیپ و بابەتە ستراتیژییەکانی ئێمە بێت.
سەرۆک بارزانی لە درێژەی ووتەکانیدا پاڵپشتی خۆی بۆ حکوومەتی عادل عەبدولمەھدی دووپات کردەوە و ھیوای ئەوەی خواست کە ئەو حکوومەتە بتوانی کێشەکان چارەسەر بکات و خزمەتگوزاری پێشکەشی خەڵک بکات. لەبارەی حکوومەتی ئایندەی ھەرێمیش سەرۆک بارزانی ئەوەی دووپات کردەوە کە دروشمی ئێمە کوردستانێکی بەھێزە و لەوە دڵنیاین کە حکوومەتی ئایندە حکوومەتێکی بەھێز دەبێ و لە خزمەتی خەڵک دەبێت و خەڵکی کوردستانیش پێشوازی لە بڕیارەکانی پارتی کردووە بۆ دیاریکردنی ھەردوو کاندیدی سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکوومەت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە