کونسۆڵی گشتی فەڕەنسا هۆشداری دەداتە هەرێمی کوردستان

کونسۆڵی گشتی فەڕەنسا هۆشداری دەداتە هەرێمی کوردستان

پەیامی کورد  ...    دۆمینیک ماس، کونسوڵی گشتی فەڕەنسا لە هەولێر ڕایگەیاند، لە هەرێمی کوردستان بارودۆخێکی لەبار بۆ کارکرکردنی کۆمپانیا بیانییەکان ڕەخسێندراوە تاوەکوو کاری وەبەرهێنان بکەن، بەڵام دەشڵێت، "هەندێک ساختەکاری هەیە کە حکومەت دەبێت کار بۆ بنەبڕکردنیان بکات".

دۆمینیک ماس، کونسوڵی گشتی فەڕەنسا لە هەولێر ئەمڕۆ پێنجشەممە لەمیانەی ووتارێکدا لە کۆنفرانسی خاوەنداریەتی هزری لە شاری هەولێر رایگەیاند، "دەمەوێت ئەوە ڕابگەێنم، ئەو کۆمپانیانەی دەیانەوێت بێنە هەرێمی کوردستان، دەبێت بزانن کە دۆخێکی ئارام و سەقامگیر و شیاو هەیە بۆ کارکردن، هاوکات حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەوبارەیەوە هاوکاریان دەکات".

کۆنفرانسی خاوەندارێتی هزری لە شاری هەولێر لەلایەن ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان و کونسوڵخانەی فەڕەنساوە رێکخراوە و ئەمڕۆ پێنجشەممە بەڕێوەدەچێت.

کونسوڵی گشتی فەڕەنسا لە هەولێر راشیگەیاند، "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری پاراستنی ئاسایش و ئەمنیەتی ناوچەکەدا سەرکەتوو بوە، قەبارەی کاری بازرگانی لە کوردستان بە بەراوردی وڵاتانی دراوسێ زۆر باشە و هەلی زیاتر ڕەخسێندراوە".

کونسوڵی گشتی فەڕەنسا هەروەها هۆشداریدایە حکومەتی هەرێمی کوردستان و رایگەیاند، "هەندێک ساختەکاری هەیە کە حکومەت دەبێت کار بۆ بنەبڕکردنیان بکات، هەرچەند ئەم ڕەوتی ساختەکارییە تەنیا پەیوەست نییە بە کوردستانەوە، بەڵکو شەپۆلێکی نێودەوڵەتییە و زۆر ووڵات ڕووبەڕووی بوونەتەوە".

ئەوەشی خستەڕو، "دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بە جیدی ڕووبەڕووی ساختەکاریی ئابوورییەکان ببێتەوە و وا بکات متمانە بە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان ببەخشێت".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە