گەورەترین باخچەی ئاژەڵان لە هەولێر لەسەر سیستەمی جیهانی دەکرێتەوە

گەورەترین باخچەی ئاژەڵان لە هەولێر لەسەر سیستەمی جیهانی دەکرێتەوە

پەیامی کورد  ...   پرۆژه‌ی باخچه‌ی ئاژه‌ڵانی هه‌ولێر له‌سه‌ر سیسته‌می جیهانی ده‌كرێته‌وه‌ و خاوه‌نی پرۆژه‌كه‌ش ئاماژه‌ به‌ ورده‌كاری كردنه‌وه‌ و ده‌ستپێكی پرۆژه‌كه‌ ده‌كات.

هێرش خۆشناو، خاوەنی پڕۆژەی باخچەی ئاژەڵانی هەولێر، کە بە (ERBIL ZOO) ناسراوە، ڕایگەیاند : "ئەو پڕۆژەیە 200 دۆنم چوارگۆشەیە و سێ قۆناخە، قۆناخی یەکەمی لە تەواوبووندایە، ئەگەری هەیە لە مانگی پێنجی ئەمساڵ بە ڕووی گەشتیاراندا بکرێتەوە و زیاتر لە 150 جۆر ئاژەڵی لەخۆ گرتووە و یەکێک دەبێت لە باخچە نموونەییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. زیاتر لە چالاکییەکیان تێدایە، یەک لەوانە دوو شوێن کە پێیان دەگوترێت (سەفاری)، واتا باخێکی گەورە، ئاژەڵەکان تێیدا سەربەستن، هاووڵاتییان لەنێو ئۆتۆمبێل، یانیش لەناو قەفەسدا سەیری دەکەن و قەدەخەیە بێنە خوارەوە، جگە لەوەش گەورەترین قەفەسی دنیای تێدایە، کە 20 هەزار مەتر چوارگۆشەیە و چەندین باڵندەی لەخۆ گرتووە و ژینگەیەکی تایبەتیشیان بۆ درووست کردوون، وەک ژینگەی ئەو باڵندەیەی کە لێیەوە هاتووە."

خۆشناو ده‌ڵێت: "ئێستا بۆیاغ و قیرتاوكردنی پرۆژه‌كه‌ ماوه‌ كه‌ دوو قۆناغه،‌ كه‌شوهه‌وا ڕێگا نادات ئه‌و دوو قۆناغه‌ جێبه‌جێ بكه‌ین، پێویستیمان به‌ سێ هه‌فته‌ كه‌شوهه‌وای خۆش هه‌یه‌, چوونكه‌ جگه‌ له‌ قیرتاو، فه‌رش و چه‌وڕێژیی ده‌وێت كه‌ 20 ڕۆژێكی ده‌وێت".

هێرش خۆشناو گوتیشی: "وه‌فدێكی گه‌وره‌ له ‌به‌غداوە هات بۆ سه‌یری پرۆژه‌كه،‌ به‌پێی ته‌خمیناتی ئه‌وان یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترین باخچه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌ و یه‌كه‌م باخچه‌ی گه‌وره‌شه‌ له‌سه‌ر ئاستی عێراق."

له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكی پرۆژه‌كه‌وه‌، هێرش خۆشناو ده‌ڵێت: "قۆناخی یەکەم باخچەی ئاژەڵانەکەیە و گشت چالاکییەکانی پەیوەست بە ئاژەڵەکانە، خەڵک به‌ ئۆتۆمبێلی خۆیان دەتوانن بچنە ناوی، یەکێکیان ئەوەیە کە خەڵک دەتوانێت بچێتە ناوی و وێنە لەگەڵ گیانلەبەرەکان بگرێت و منداڵانیش ده‌توانن بچنه‌ ئه‌وێ و قەفەسەکانی لە ڕووی ستانداردەوە پلەی یەک و دوون، واتا هەر ئاژەڵێک ئەگەر 100 مەتری بوێت، لەو باخچەیە جگە لەو قەبارەیە، زیاتر لە 200 مەتری دیکەیان پێ دراوە، هەروەها دەریاچەیەکی بچووک و دوو تونێلی تێدایە، تونێلێکیان 77 مەتر درێژە و ناوچەکان بە یەکەوە دەبەستێتەوە، قۆناخی دووەمیش لە بورجێک پێک دێت، کە بەرزییەکەی 77 مەترە".

خۆشناو ئه‌وه‌ش ده‌خاته ڕوو: خواردنگەیەکی تێدایە 360 پلە دەسووڕێتەوە، هەروەها ئەکواپارکێک، مۆڵێکی تایبەت بە کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵان، هەروەها نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە ئاژەڵان لە قۆناخی دووەم دروست دەکرێت."

له‌باره‌ی كاتی كردنه‌وه‌یەوە خۆشناو گوتی, پێش مانگی 6 ئه‌و پرۆژه‌یه‌ دەکرێتەوە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە