پەیامی کورد... گەورەترین پاڵەوانێتیی تۆپی پێی هەرێمەکان لە کوردستان بەڕێوەدەچێت
سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان رایدەگەیەنێت، ناوەڕاستی ساڵی داهاتو پاڵەوانێتیی تۆپی پێی بۆ هەرێمەکان (کۆنیفا) لە کوردستان بەڕێوەدەچێت، تێیدا لە یاریگەکانی کوردستان، 16 هەڵبژاردەی هەرێمەکان لەسەر ئاستی جیهان ڕوبەڕوی یەکتر دەبنەوە.
تاریق عەبدولرەحمان، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاری، رایگەیاندوە، "سەرجەم یارییەکان لە یاریگەکانی پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆک دەکرێن و هەوڵ دەدەین بەشێک لە یارییەکانیش ببەینە یاریگەکانی ئیدارەی سۆران و زاخۆ".
ئاماژەی بەوەشکردوە، "بۆ دوەمجارە پاڵەوانێتییەکی لەو شێوەیە لە کوردستان بەڕێوەدەچێت و بۆ یەکەمجاریشە پاڵەوانێتییەکە لە ژێر ناوی (کۆنیفا) بەڕێوەدەچێت، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هەمو ئاسانکارییەک بۆ بەڕێوەچونی دەکات".
ئەوەشیخستۆتەڕو، پێشتر هەڵبژاردەی کوردستان، دوجار بەشداریی لە پاڵەوانێتیی جامی کۆنیفا کردوە و جارێکیش بوەتە پاڵەوانی خولەکە".
پاڵەوانێتیی کۆنیفا دەبێتە هۆی زیندوکردنەوەی هەڵبژاردەی تۆپی پێی کوردستان و لەوبارەیەوە سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان دەڵێت، "بە میکانیزمێکی نوێ ستافی هەڵبژاردەی کوردستان دەستنیشان دەکەینەوە".
کۆنیفا، پاڵەوانێتییەکی جیهانییە، بۆ ئەو هەرێمانەی کە لە وڵاتانی فیدڕاڵیدا خاوەنی هەرێمی سەربەخۆن؛ 38 هەرێم لە سەرانسەری جیهان تێیدا ئەندامن.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە