گەورەترین پێشانگای کەل و پەلی چینی لە هەولێر دەکرێتەوە

گەورەترین پێشانگای کەل و پەلی چینی لە هەولێر دەکرێتەوە

پەیامی کورد  ...   بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ژوورەکانی بازرگانی ھەرێمی کوردستان گوتی، بڕیارە شاندێکی ووڵاتی چین سەردانی ھەرێمی کوردستان بکات بە مەبەستی کردنەوەی پیشانگایەکی گەورەی کەلوپەلی چینی کە بە کواڵێتییەکی بەرز دەبێت و نرخەکانیشیان زۆر گونجاو دەبێت و ئەگەر سەرکەوتوو بن بازاڕێکی گەورەی چینی لە ھەرێمی کوردستان دەکرێتەوە.

ئەسکەندەر محەمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ژوورەکانی بازرگانی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: "ھەرێمی کوردستان لە ڕووی بازرگانییەوە کرانەوەیەکی باشی بە خۆیەوە دیوە و بەردەوام شاندی وڵاتانی بیانی سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکەن بۆ ئەوەی کاری بازرگانی بکەن، ئێمەش وەکو ژوورەکانی بازرگانی ھەموو ئاسانکارییەکیان بۆ دەکەین و ھاوکارێکی باشیشیان دەبین."

ئەسکەندەر محەمەد گوتیشی: "بڕیارە لە داھاتوویەکی نزیکدا شاندێکی وڵاتی چین سەردانی ھەرێمی کوردستان بکەن بە مەبەستی کردنەوەی پیشانگایەکی گەورەی کەلوپەلی چینی بۆ ئەوەی لە ھەرێمی کوردستان نیشانی بدەن کە بە کواڵێتییەکی بەرز دەبێت و نرخەکانیشی زۆر گونجاو دەبێت، چوونکە لە ھاوردەکردنی پێویستی بە باج نابێت، بۆیە نرخەکەی زۆر گونجاو دەبێت."

محەمەد باسی لەوەش کرد: "بڕیارە ئەگەر لەو کارەیان سەرکەوتوو بن بازاڕێکی گەورەی چینی لە ھەرێمی کوردستان بکرێتەوە و تێیدا تەنیا کەلوپەلی چینی بە  نرخێکی زۆر هەرزان و گونجاو بفرۆشرێت و کواڵێتیشی زۆر بەرز دەبێت، چونکە ئەوان نایانەوێت لە نرخی کەلوپەلەکانی خۆیان کەم بکەنەوە و ئەوکات تەنیا کەلوپەلی باشی چینی ھاوردە دەکرێت و چیتر کەلوپەلی خراپی چینی ھاوردە ناکرێت."

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە