کوردستان و فەڕەنسا باروودۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد

کوردستان و فەڕەنسا باروودۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد

پەیامی کورد  ...   لە دیدارێكی نێوان مەسروور بارزانی و باڵیۆزی فەڕەنسادا، دواپێشهاتەكانی عێراق و ناوچەكە تاوتوێ كران و دووپات لە پەرەپێدانی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەردوو گەلی فەڕەنسا و كوردستان كرایەوە

مەسروور بارزانی، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە 2/4/2019 لە كۆبوونەوەی لەگەڵ برۆنۆ ئۆبێرت، باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق، جەختی لە دۆستایەتیی گەلی كوردستان و فەڕەنسا كردەوە.

لەم دیدارەدا، كە كۆنسووڵی گشتیی فەڕەنسا لە ھەولێر ئامادە بوو، دواپێشهاتەكانی عێراق و ناوچەكە تاوتوێ كران و دووپات لە پەرەپێدانی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەردوو گەلی فەڕەنسا و كوردستان كرایەوە.

مەسروور بارزانی  پشتیوانی و یارمەتییەكانی فەڕەنسای بۆ هەرێمی كوردستان بەرز نرخاند، كە بەردەوام  لە قۆناغە جیاكاندا هاوكار و پشتیوانی گەلی كوردستان بووە.

هەروەها باسی لە هەنگاوەكانی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لایەك و پێشڤەچوونەكانی پەیوەندیی نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغدا كرد و هەنگاوەكانی بە ئەرێنی وەسف كرد.

هەر لەو دیدارەدا بارودۆخی سووریا و كۆنتڕۆڵكردنەوەی دوامۆڵگەی داعش و هێوركردنەوەی گرژییەكان و چارەسەری سیاسیانەی كێشەكانی ئەو وڵاتە تاوتوێ كرا و جەخت لەوە كرایەوە، كە پێویستە لە هەنگاوەكانی داهاتوودا قوربانی و مافی هەموو پێكهاتەكان لە بەرچاو بگرێت.

لای خۆیەوە، باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق وێڕای بەئاوات خواستنی سەركەوتن بۆ مەسروور بارزانی لە سەرۆكایەتیكردنی كابینەی داهاتووی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دووپاتی لە فراوانكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا كردەوە و رایگەیاند، وڵاتەكەی لە پشتیوانی و هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە بەردەوام دەبێت.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە