پەیامی کورد... لە سنووری بانە کۆڵبەرێک کوژرا و ٤ دیکەش بریندار بوون
هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری سەرتەزێنی شاری بانە کاتژمێر ٣ی بەرەبەیانی چوارشەممە ٥ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ (٢٧ی جولای ٢٠٢٢) تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کردووە و لە ئاکامی ئەو دەستڕێژەدا کۆڵبەرێک بە ناوی شێرکۆ چاوشینی تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی گوندی ورچەکی بانە کوژرا.
هەنگاو ڕایگەیاندووە کە شێرکۆ چاوشینی خێزاندار و باوکی منداڵێکە.
لە ئاکامی ئەو دەستڕێژەدا ٤ کۆڵبەری دیکە بە ناوەکانی بێهزاد خەڵکی مەریوان، محەممەد خەڵکی سەقز، هەژار خەڵکی بانە و دانا شەعبانی خەڵکی بانە لاقیان بە سەختی بریندار بووە.
یەکێک لە کۆڵبەرەکانوت: "ئەم پێنج کۆڵبەرە سەرجەمیان لەلایەن یەکێک لە فەرماندەکانی هەنگی سنووری بە نازناوی (قوچانی) داونەتە بەر دەستڕێژ و بوونەتە قوربانی".
سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە ئەم چوار کۆڵبەرە لاقیان پێکراوە و ئێستا لە نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبی شاری بانە لەژێر چاودێریی پزیشکیدان.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە