پەیامی کورد... ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگ لەسەر پرۆژەیاسای قەدەغەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل دەدات
سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ڕۆژی پێنجشەممە پەرلەمانی عێراق کۆ دەبێتەوە و کارنامەی کۆبوونەوەکەش لە یەک بڕگە پێکهاتووە، کە بریتییە لە دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بە تا وان ناساندنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل.
لەمبارەیەوە ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕاگەیەنراوێکدا سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق باسی لەوەکردوە، کۆبونەوەکەی ڕۆژی پێنجشەممە (26ی ئایاری 2022) لە یەک بڕگە پێکهاتووە ئەویش بریتییە لە دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بە تا وان ناساندنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل.
هاوکات بەپێی ڕەشنووسی پرۆژەیاساکەی پەرلەمان هەر جۆرە پەیوەندییەکی فەرمی و نافەرمی لەسەر ئاستی تاک و بەکۆمەڵیش لەگەڵ ئیسرائیل لە ناوەوە یان دەرەوەی عێراق، سزاکەی لەسێدارەدان یان زیندانی هەتاهەتایی دەبێت.
بەپێی دەقی ڕەشنووسەکە حوکمەکانی یاساکە بەسەر ئەو لایەنانەدا جێبەجێ دەکرێت:
1- عێراقییەکانی ناوخۆی وڵات و دەرەوە، لەوانە بەرپرسان و فەرمانبەرانی دەوڵەت و ئەوانەی بۆ خزمەتی گشتی ڕاسپێرراون لە هاووڵاتییان و سەربازان، هەروەها ئەو بیانییانەی لەناو عێراقدان.
2- سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەت و دەسەڵاتە فیدراڵی و دەستە سەربەخۆکان.
3- حکومەتەکانی هەرێمەکان و ئەنجوومەنە پەرلەمانییەکانیان و سەرجەم فەرمانگە و دامەزراوەکانیان.
4- پارێزگارەکان و ئەنجوومەنەکانی پارێزگا نا ڕێکخراوەکان لە هەرێمێکدا و یەکە کارگێڕییە خۆجییەکان و فەرمانگەکانیان.
5- دامەزراوە میدیایییەکانی عێراق.
6- ئامرازەکانی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی.
7- دامەزراوەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە عێراق.
8- کۆمپانیاکانی تایبەت و کۆمپانیا و دامەزراوە بیانییەکان و وەبەرهێنەران
بەپێی پرۆژەیاساکە گەشتکردن لە خاکی ئیسرائیلەوە و بە پێچەوانەوە، هەروەها سەردانی باڵیۆزخانە و دامەزراوەکانی لە هەر وڵاتێکی جیهان بێت قەدەغەدەیە، هەروەها پەیوەندیکردن بە هەر هۆکارێک بێت لەگەڵ قەوارەی ئیسرائیل و ئەوەی سەر بە ئەو بێت و ئەوەی نوێنەرایەتی بکات چی تاک یان دامەزراوە یان ڕێکخراو بێت و لە ژێر هەر ناونیشانێکی کولتووری، سیاسی، زانستی، بازرگانی، ئابووری، میدیایی، ئەمنی و هەر ناونیشانێکی دیکە بێت، قەدەغەیە.
لە خاڵێکی دیکەی پرۆژەیاساکەدا هاتووە، دامەزراندنی هەر جۆرە پەیوەندییەک لەگەڵ قەوارەی ئیسرائیل قەدەغەیە، ئەو پەیوەندییەش بە هەر هۆکارێکی وەک دیپلۆماسی، ئابووری، سیاسی، سەربازی، کولتووری یان هەر پەیوەندییەکی دیکە بێت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە