پەیامی کورد ... دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بەشداری لە كۆنفڕانس و پێشانگای نێودەوڵەتی دوبەی بۆ هاوكاریی مرۆی و پەرەپێدان دەكات و تێیدا وتارێك لەسەر كێشەكانی كۆچبەران پێشكەش دەكرێت.
ساڵانە لە ژێر چاودێری راستەوخۆی شێخ محەمەد بن راشد ئەلمەكتوم، سەرۆكوەزیرانی ئیمارات و حاكمی دوبەی، كۆنفڕانسی نێودەوڵەتی دوبەی بۆ هاوكاری مرۆیی و پەرەپێدان بەڕێوە دەچێت و ئەمساڵیش دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەلایەن رێكخەرانی كۆنفڕانسەكەوە بانگهێشت كراوە.
لە كۆنفڕانسەكەدا تیشك دەخرێتە سەر بابەتە مرۆییەكان و نوێنەری رێكخراوەكان و كەسایەتییە دیارەكانی بواری مرۆییش تێیدا بەشدار دەبن.
لە میانی كۆنفڕانسەكەدا، چەندین كەسایەتی وتار پێشكەش دەكەن و بارودۆخی مرۆیی لە جیهاندا تاوتوێ دەكرێت. لە رۆژی یەكەمدا د. حەمدان موسەلەم، نوێنەری سەرۆكوەزیرانی ئیمارات و بەڕێوەبەری گشتیی ئاكادیمیای گشتی ئیمارات لە پانێلی كردنەوەی كۆنفڕانسەكەدا وتارێكی پێشكەش كرد و پاشان ئانتۆنیۆ ڤیتۆرینۆ، بەڕێوەبەری گشتی رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی وتارێكی پێشكەش كرد، هەروەها فیلپۆ گراندی كۆمیسیاری كۆمیسیۆنی باڵای پەنابەران لە پانێلی سەرەتادا وتارێكی تایبەتی لەسەر رەوشی پەنابەران پێشكەش كرد و ئاماژەی بەوە دا كە زیاتر لە ٧٠ ملیۆن پەنابەر لە جیهاندا هەیە.
لە پانێلێكی كۆنفرانسەكەدا كارزان نووری، بەرپرسی بەشی پڕۆگرام و پەیوەندییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، وتارێك لەسەر كێشەكانی كۆچبەران بۆ بەشداربووانی كۆنفڕانسەكە پێشكەش دەكات.
كۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی دوبەی بۆ هاوكاریی مرۆیی و پەرەپێدان، لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە هەتا ئێستا دەبەسترێت و هەر ساڵێك تیشك دەخاتە سەر بابەتێكی مرۆیی. ئەمساڵیش لەبەر گرنگیی رۆڵی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ناوچەكەدا و پێشكەشكردنی هاوكاریی مرۆیی بۆ ئاوارە و پەنابەران، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە فەرمی بانگهێشتی ئەم كۆنفڕانسەكە كراوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە