پەیامی کورد ... سبەی دوو ساڵ بەسەر ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستاندا تێدەپەڕێت و چاودێرانیش رۆژی بەڕێوەچوونەكەی بە مێژوویی وێنا دەكەن و ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، بۆ یەكەم جارە لە مێژووی كورددا گەل بڕیاری خۆی بدات. چاودێرێكی سیاسییش دەڵێ، ڕیفراندۆمی باشووری كوردستان بووە خاڵی وەرچەرخان.
عارف قوربانی، رۆژنامەڤان و چاودێری سیاسی، ڕایگەیاند : "ئەوەی كورد كردی سەرەتاییترین و سادەترین مافی ھەر نەتەوەیەكە، كە خودا دروستی كردووە، گەلی كوردستان وەك میللەتێك كە لە ناوچەكەدا دەژیت و دابەشی سەر چەند دەوڵەتێك كراوە، بە داخەوە لە رابردوودا ژێئۆگرافیاكەی ھەمیشە لە ژێر دەستی داگیركەراندا بووە، ستراتیژی حزب و شۆڕشەكانی ڕابردوو بۆ دەوڵەت نەبووە، بەڵام ریفراندۆم بووە خاڵی وەرچەرخان و بە ھەموو گەلانی دنیا و نەتەوە سەردهستەكانی ناوچەكەی گوت، كورد داوای دەوڵەتی سەربەخۆ دەكات".
زیرەك كەمال، چاودێری سیاسی، رایگەیاند: "ڕێفراندۆم یادەوەرییەكی زێڕین و شیرین و نەمرە لە مێژووی گەلی ئێمەدا، چونكە لەو رۆژەدا میللەت قسەی خۆی كرد و گوتی، من بە مافی رەوای خۆمی دەزانم داوای سەربەخۆیی بكەم و دەوڵەتی سەربەخۆمان ھەبێت، ئەمە بۆ جاری یەكەم بوو لە ڕێفراندۆمی سەربەخۆییدا میللەت بڕیاری خۆی بدات، پێشتر حزبەكان بڕیاریان لەسەر چارەنووسی میللەت دەدا، بەڵام لە ڕێفراندۆمدا میللەت قسەی خۆی كرد، ئەگەرچی باجێكی گەورەمان دا و گەلەكۆمە لە ئێمە كرا، بەڵام ریفراندۆم ھەر بە نەمری دەمێنێتەوە".
هاوكات قوربانی پێی وایە، ئێستا ستراتیژی كورد لە باشوور ئەوەیە دەوڵەتی دەوێ، دەشڵێت: "تا رۆژێك بەر لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی، ستراتیژی كورد لە ھەموو پارچەكانی كوردستان بە باشووریشەوە دەوڵەت نەبووە، بەڵام ئێستا ئەوە روونە گەلی ئێمە بە دوای سەربەخۆییدا وێڵە، ئیتر تا چەند ئەمە بەرجەستە دەبێت و كەی بەو خواست و ئامانجەی خۆمان دەگەین، شتێكە دەبێت چاوەڕێی پێشھات و رووداوەكان بكەین".
زیرەك كەمال ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "نەك تەنیا بۆ ئێستا، بگرە بۆ نەوەكانی داھاتووش ریفراندۆم بووە ئەو رۆژە، كە نەوەكانی داھاتوو دەست بەو خەون و ئامانج و دەستكەوتە مەزنەوە بگرن و بڵێن باب و باپیرانی ئێمە لە پێناو سەربەخۆییدا خەباتیان كردووە و، ئامانجیان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆی كوردستان بووە، لەبەر ئەوەش پێموایە ریفراندۆم بۆ ئێستا و داھاتوو، ھەتا كورد ھەیە شانازی پێوە دەكات".
ئاسۆ كەریم، پەرلەمانتاری پێشووتری كوردستان، لە بارەی ریفراندۆمەوە ڕایگەیاند : "ریفراندۆم تاكە میكانیزمە بۆ زانینی ویست و ئیرادە و خواستی ھەر مللەتێك، لە رووی ئەخلاقی و یاساییەوە خەڵكی كوردستان مافی خۆیەتی داوای دەوڵەتی سەربەخۆ بكات، بەڵام ئەوەی رێگرە لە بەردەم سەربەخۆیی گەلی كوردستان، بەرژەوەندی و سیاسەتی ناوچەیی و نێودەوڵەتییە، كە دەرفەتیان نەداوە گەلی ئێمە بەو مافەی خۆی شاد ببێت".
ئاسۆ كەریم جەختی كردەوە: "گرینگ ئەوەیە گەلی كوردستان تاكلایەنە بڕیاری خۆی دا ریفراندۆم ئەنجام بدات كه مافی میللەتی ئێمە سەربەخۆییە، بەڵام كات دیار نییە كەی دەگەین بە سەربەخۆیی خۆمان، كە ھەموو پێوەرێكی دەوڵەتبوونمان تێدایە، ئینجا لە بەشی باشوور، یان ھەر بەشێكی دیكەی كوردستاندا".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە