پەیامی کورد... ئەمریکا پێگەی خۆی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بەهێزتر دەکات
نێردەی تایبەتی سەرۆک کۆماری روسیا لە سوریا رایگەیاند، مۆسکۆ زانیاری هەیە کە ئەمریکا هێزی سەربازی خۆی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا زیاتر دەکات بەمەبەستی بەهێزترکردنی زیاتری پێگەی خۆی.
ئەلێکساندەر لاڤرێنتیڤ، نێردەی تایبەتی سەرۆکی روسیا لە سوریا لە لێدوانێکدا رایگەیاند، مۆسکۆ زانیاری هەیە کە ئەمریکا هێزی سەربازی خۆی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بەهێزتر دەکات، ڕەنگە ئەو هەنگاوەی ئەمریکا بەهۆی "توندبونەوەی هەڵوێستی ئەمریکا بەرامبەر دیمەشق و هەوڵەکانی واشنتن بۆ تێکدانی سەقامگیری سوریا" بێت.
ئەوەشی خستەڕوو، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا "بەردەوامن لە کارکردن لەگەڵ گروپە چەکدارەکان، بەهێزکردنی پێگەکەشی رەنگە پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەبێت بە هەوڵدان بۆ وروژاندنی دۆخەکە و دروستکردنەوەی دووبارە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی چەکداری".
نێردەی روسیا ڕایگەیاندووە، کە سوریا، تورکیا و ئێران لەسەر نەخشەڕێگایەک ڕێککەوتون کە مۆسکۆ بۆ "ئاسایکردنەوەی بەپەلە"ی پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە ئامادەی کردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، "هەمو لایەنەکان بە گشتی لەسەر نەخشەڕێگاکە کۆکبون بۆ پێشخستنی پرۆسەی ئاساییکردنەوە و بۆچون و پێشنیارەکانی خۆیان خستەڕو، ئێستاش دەبێت هەماهەنگی بۆ جێبەجێکردنی ئەم نەخشەیە بکرێت".
نوێنەری ڕوسیا بە ڕونی ئەوەی خستەڕوو، کە ئەم پرۆسەیە کاتێکی دەوێت و جەختی لەوە کردەوە کە "گرنگترین شت ئەوەیە کە پرۆسەی ئاساییکردنەوە بەرەو پێشەوە دەڕوات و نابێت دوابخەین و هەموان لەسەر ئەوە هاوڕان".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە