ئەنجوومەنى وەزیران سێ رێنمایی بڵاودەکاتەوە

ئەنجوومەنى وەزیران سێ رێنمایی بڵاودەکاتەوە

سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى وەزیرانی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی سێ خاڵ ده‌رباره‌ی هه‌ڵمه‌تی بانگەشەى هەڵبژاردنەکانى عێراق بڵاوکردەوە.
 

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە لەگەڵ نزیکبوونەوەى وادەى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراقى فیدراڵ و دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردن، داوا لە گشت لایەنە سیاسییەکان و هاوڵاتیان و پالێوراوان و لایەنگرانیان دەکەین کە لەکاتى ئەنجامدانى بانگەشەى هەڵبژاردن، پابەندى ئەم خاڵانەى خوارەوە بن:

1- حکومەتى هەرێمى کورستان جەخت دەکاتەوە لەسەر پاراستنى مافى گشت پالێوراوان و لیست و لایەنە سیاسییەکانى کوردستانى و عێراقى کە بە فەرمى تۆمار کراون لە کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردەکان، بۆ ئەنجامدانى چاڵاکییەکانیان و بانگەشەکردن بە ئازادى و لە چوارچێوەى یاسا و رێنماییەکان. هەر پالێوراوێک و لیستێکى هەڵبژاردن یان لایەنى سیاسى لەکاتى روودانى هەر دەستدرێژییەک لە هەر لایەکەوە بۆى هەیە سەردانى لایەنە پەیوەندیدارەکان بکات.

2- پێویستە پرۆسەى بانگەشەى هەڵبژاردن بە گیانى یەکتر قبوڵکردن و رێزگرتن لە راى بەرامبەر و رەچاوى بنەماکانى مافى ئازادى رادەبرین بەڕێوە بچێت و گشت لایەنەکان خۆیان بەدوور بگرن لە هەر جۆرە توندوتیژى و ناوزڕاندن و کارى نایاسایى. و پابەندبن بە رێسا و رێنماییەکانى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان و یاسا پەیرەوکراوەکانى حکومەتى هەرێم.

3- پێویستە گشت فەرمانگەکانى حکومەت و دەزگا ئەمنییەکان هەماهەنگى تەواو بکەن لەگەڵ کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، و کار بکەن بۆ بەڕێوەچوونى پرۆسەى بانگەشە و ئەنجامدانى هەڵبژاردن بەپێى بنەماکانى مافى مرۆڤـ و پاراستنى مافى دەنگدەران و پالێوراوان و هاوڵاتیان.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە