پەیامی کورد ... کۆمپانیاکانی ئیمارات بەنیازن کارەکانیان لە ھەرێمی کوردستان فراوانتر بکەن
بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی ھەرێمی کوردستان ووتی، کۆمپانیاکانی وڵاتی ئیمارات دەیانەوێت کارەکانیان لە ھەرێمی کوردستان فراوانتر بکەن و وەبەرھێنانی زیاتر بکەن و ژمارەی کۆمپانیاکانیشیان لە ھەرێمی کوردستان زیاتر بکەن.
ئەسکەندەر موحەمەد، بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند : "ووڵاتی ئیمارات لە ڕێگەی کۆمپانیاکانییەوە بەنیازە کۆمەڵێک پڕۆژە جێبەجێ بکات وکۆمەڵێک بیرۆکەیان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە پێشکەش کردووە و کونسووڵی نوێ کە ھاتووە سەردانی ژوورەکانی بازرگانی کرد و باسی لەوە کرد کە چۆن بتوانن ئەزموونی خۆیان بۆ ھەرێمی کوردستان بگوازنەوە، بۆیە پەیوەندیمان لەگەڵ ئیمارات زۆر باشە و ئیمارات دەیەوێت وەبەرھێنان لە ھەرێم بکات، ئەوەش کارێکی باشە بۆ ھەرێمی کوردستان.''
ئەسکەندەر موحەمەد گوتیشی: "ئیمارات لە ھەرێمی کوردستان وەبەرھێنان دەکات و ئەزموونیان و خۆشیان لە ئێمەوە زۆر نزیکن، چوونکە کۆمەڵێک کۆمپانیایان لە ھەرێم ھەیە ئێستا کار دەکەن و دەیانەوێت کارەکانیان فراوانتر بکەن و کۆمپانیای زیاتر بێننە ھەرێمی کوردستان و ھەرێمی کوردستانیش ڕێخۆشکەرە بۆ ئەوەی بێنە ھەرێم و کار بکەن.''
موحەمەد باسی لەوەش کرد: "ئیمارات دەیەوێت لە چەندین بواردا لە ھەرێمی کوردستان کاری وەبەرھێنان بکات، بەتایبەت لە بواری درووستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون، بۆیە پەیوەندییەکان باشتر دەبن و پێش مانگێکیش شاندێکی ژووری بازرگانی ئەوان سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کرد و بەردەوام دەبین تاوەکوو کاری باش لە ھەرێمی کوردستان لە بواری وەبەرھێناندا بکرێت.''
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە