ژمارەی مەدەنییە کوژراوەکانی شەڕ و پێکدادانەکانی سوودان گەیشتە سەرو 800 کەس

ژمارەی مەدەنییە کوژراوەکانی شەڕ و پێکدادانەکانی سوودان گەیشتە سەرو 800 کەس

پەیامی کورد... ژمارەی مەدەنییە کوژراوەکانی شەڕ و پێکدادانەکانی سوودان گەیشتە سەرو 800 کەس


ئەمڕۆ سەندیکای پزیشکانی سوودان رایگەیاند کە لە ئاکامی ئەو شەڕ و پێکدادانانەی کە لە ١٥ی نیسانەوە لەنێوان سوپای سوودان و ھێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریھەڵداوە تا ئێستا، ٨٦٣ ھاووڵاتیی مەدەنی کوژراون.

سەندیکای پزیشکانی سوودان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە رۆژانی ١٨و ١٩و ٢٠ی ئەم مانگە شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای سوودان و ھێزەکانی پشتیوانی خێرا لە شاری نیالا رۆژئاوای ئەو وڵاتە روویداوە و لە ئاکامدا، ٢٨ کەس کوژراون.

راشیگەیاندووە لە ئاکامی ئەو شەڕ و پێکدادانانەی نێوان سوپای سوودان و ھێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریھەڵداوە تا ئێستا، ٨٦٣ ھاووڵاتیی مەدەنی کوژراون و سێ ھەزار و ٥٣١ی دیکەیش برینداربوون.

دوێنێ یەکشەممە سەندیکای پزیشکانی سوودان رایگەیاندبوو کە لە ئاکامی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان سوپای سوودان و ھێزەکانی پشتیوانی خێرا تا ئێستا، ٨٥٠ ھاووڵاتیی مەدەنی کوژراون، سێ ھەزار و ٣٩٤ کەسیش برینداربوون.

هەر دوێنێ یەکشەممە سعوودیە و ئەمریکا رایانگەیاند کە لە ئێوارەی رۆژی دووشەممەوە، ئاگربەستێکی نوێ لە سوودان دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە کە بۆ یەک ھەفتە بەردەوام دەبێت، ئەمە وێرای ئەوەی گفتوگۆکانی نێوان سوپای سوودان و ھێزەکانی پاڵپشتی خێرا لە شاری جیددە رۆژئاوای سعوودیە بەردەوامە بۆ ئەوەی بگەن بە رێککەوتنی کۆتایی بۆ کۆتاھێنان بە شەڕەکانی نێوانیان و ناکۆکییەکان لەڕێگای گفتوگۆوە چارەسەر بکەن.

رۆژی ١٥ی نیسانی رابردوو لە خەرتوومی پایتەخت و شارەکانی دیکەی سوودان، پێکدادان لەنێوان سوپای سوودان و ھێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریھەڵدا کە تا ئێستا بەردەوامە.

ئەو پێکدادانانەیش لە دوای ئەوە ھات کە ماوەی چەند مانگێکە مشتومڕی گەرم لە بارەی ئەو چاکسازییە سەربازییە بەردەوامە کە تیایدا داوا دەکرێت "ھێزەکانی پشتیوانی خێرا بەتەواوی ببنە بەشێک لە سوپا".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە