رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدانی تایبەت لەنێوان 66% بۆ 85% بووە

رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدانی تایبەت لەنێوان 66% بۆ 85% بووە

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشکرای کرد، کە لە سەرتاسەری عێراق رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدانی تایبەت گەیشتووەتە 78%، لە پارێزگاکانی کوردستانیش لەنێوان 66% بۆ 85% بووە.

 

کەریم تەمیمی، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دوای تەواوبوونی دەنگدانی تایبەت لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە سەرتاسەی عێراق رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدانی تایبەت 78% بووە.

تەمیمی ئاماژەی بەوە کرد، کە لەکۆی نزیکەی 900 هەزار دەنگدەر، نزیکەی 700 هەزار دەنگدەر دەنگیان داوە. رۆژی 12ی ئایاریش نزیکەی 22 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان لە هەڵبژاردنی گشتیدا هەیە.

بە کۆی گشتی 943 هەزار و 639 کەس لە تەواوی عێراق و باشووری کوردستان مافی بەشداریکردنیان لە دەنگدانی تایبەتدا هەبوو. لە هەموو عێراقیش 494 بنکەی دەنگدان کە 2 هەزار و 237 وێستگەیان لەخۆدەگرت، کرابوونەوە.

لە هەرچوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستانیش (هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە) 247 هەزار و 400 کەس مافی بەشداریکردنیان هەبوو، 99 بنکەی دەنگدان کە 927 وێستگەیان لەخۆدەگرت، کرابوونەوە. هەروەها لە کەرکوکیش 25 هەزار و 72 کەس مافی بەشداریکردنیان هەبوو، 15 بنکەی دەنگدان کە 126 وێستگەیان لەخۆدەگرت، کرابوونەوە.

 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە