گرینگ ... موقتەدا سەدر پەیامێک ئاراستەی سەرکردەکانی عێراق دەکات

گرینگ ... موقتەدا سەدر پەیامێک ئاراستەی سەرکردەکانی عێراق دەکات

ئەمڕۆ دووشەممە، سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا داوا لە سەرکردە سیاسییەکانی عێراق دەکات دەستبەرداری ناکۆکییەکانیان لە پێناو دەسەڵات و پلە و پایە بن و چاویان لە بەرژەوەندییەکانی وڵات بێت.

سەرکردەی رەوتی سەدر کە سەرۆکایەتی ھاوپەیمانییەتی "سائیرون" دەکات کە لە ھەڵبژاردنەکانی ١٢ی ئایاری ڕابردوو بە ٥٤ کورسییەوە بوو بە لیستی یەکەم، دوای ئاگرتێبەربوونی کۆگای سندوقەکانی دەنگدان لە کەرتی رەسافە لە بەغدا کە دوێنێ روویدا و بووە ھۆی زیان گەیاندن بە سندوقەکان و بەشێکی ئامێرەکانیشی لەناوبرد پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا تیشکی خستە سەر چەند پرسێک.

موقتەدا سەدر لە پەیامەکەیدا ڕایدەگەیەنێت "بارودۆخی ئاسایش و سیاسی و ئابووریی عێراق خراپ بووە و عێراق لە مەترسیدایە لەدوای زیادبوونی مشتومڕەکان لەسەر ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان".

سەرکردەی ڕەوتی سەدر، موقتەدا سەدر لەوبارەیەوە رووی قسەکانی دەکاتە سیاسەتمەدارانی عێراق و دەڵێت "عێراقەکەی ئێوە پڕییەتی لە ھەژار و ستەملێکراو و ھەتیو و بریندار و پەککەوتە و بێوەژن و بە تەمەن و کەمئەندام، عێراقی ئێوە بێ ئاو و کارەبا و کشتوکاڵ و پیشەسازی و پارە و بێ ژێرخان و خزمەتگوزارییە، تەنانەت بێ ژینگەیەکی تەندروستە و سنوورەکانیشی پارێزراو نیین، دوژمنەکانیش لە ھەموو کون و کەڵەبەرێکەوە پێکەوە ھێرشی دەکەنە سەر".

سەرکردەی رەوتی سەدر لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت "عێراقی ئێوە ھێشتا شوێن پەنجەی بەعسی بەسەرەوە ماوە، ھێشتا ستەم و دیکتاتۆرییەتی بەعسی بەڕوونی پێوە دیارە، بەسە ململانێ لە پێناو کورسی و پۆست و دەستکەوت و دەسەڵات و حوکمڕانی، عێراق لە مەترسیدایە".

موقتەدا سەدر سەرۆکایەتی ھاوپەیمانییەتی "سائیرون" دەکات کە لە کۆی ٣٢٩ کورسیی پەرلەمانی لە ھەڵبژاردنی مانگی رابردوو توانی ٥٤ کورسیی پەرلەمان بەدەست بھێنێت.

سەرکردەی رەوتی سەدر لە درێژەی پەیامەکەیدا چەندین پرسیار دەکات و دەڵێت "کاتی راگرتنی داگیرکاری و دەسەڵاتی دەرەکی نییە؟، ھەروەھا بۆمبڕێژکراو و تەقینەوە و تیرۆر و ململانێ و تیرۆرکردنەکان بەس نییە؟".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە