ئارێز عەبدوڵلا : حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق خۆی لە بەڵێنەكانی دزییەوەو مووچەی فەرمانبەرانی نەنارد

ئارێز عەبدوڵلا : حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق خۆی لە بەڵێنەكانی دزییەوەو مووچەی فەرمانبەرانی نەنارد

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرایدەكات، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق خۆی لە بەڵێنەكانی دزییەوەو موچەی فەرمانبەرانی نەنارد.
ئارێز عەبدوڵلا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئێمە هەرگیز نەمانوتوە حكومەتی عێراق مامەڵە لەگەڵ پارێزگاكان یاخود لەگەڵ حكومەتی هەرێم یان لەگەڵ هەر فەرمانگەیەكیتری حكومەتی هەرێم بكات یان نەیكات، بەڵكو وتومانە هەرێمی كوردستان كیانێكی دەستوورییەو پێویستە ناوی بهێنرێت.
وتیشی، لەسەرەتاوە وتومانە كە مەترسی هەیە لەسەر هەرێم‌و ئاساییە كێشەكانیان بمێنێتەوە لەنێوان بەغداو ناوەندو بە گفتوگۆ كێشەكان چارەسەر دەكرێن، بەڵام ناونەهێنانی هەرێمی كوردستان بە بۆچونی ئێمە بۆ لەباربردن‌و بێهێزكردنی لەناوبردنی هەرێمی كوردستانە.
ئاشكراشیكرد، عەبادی خۆی بەڵێنەكانی جێبەجێ نەكرد‌و خۆی دزییەوە، ئەگەرنا ئێمە رێگریمان نەكردووە كە چۆن موچە دەنێرێت‌و پێویستە حكومەتی فیدڕاڵی‌و حكومەتی هەرێم موچەی فەرمانبەران دابین بكەن.
سەبارەت بە لەشكركێشییەكەی توركیا بۆ سەر هەرێمی كوردستان‌و شەهید كردنی هاووڵاتییان، ئارێز عەبدوڵڵا رایگەیاند، ئەوەی لە ناوچەكە دەگوزەرێت‌و ئەوەی توركیا پەیڕەوی دەكات نەك بۆ سەر هەرێم بەڵكو بۆ تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست مەترسی هەیە.
وتیشی، وێرانكردنی عەفرین‌و بێدەنگبوونی وڵاتان‌و بۆردومانكردنی باشووری كوردستان جێی مەترسییەكی گەورەیە.
سەبارەت بە فڕۆكەخانەكان، ناوبراو ئاشكرایكرد، توركیا بە ئاشكرا دەیەوێ بڵێت سلێمانی و هەولێر جیاوازن‌و ئەمەش مەترسیدارەو لێرەوە داوا لە حكومەتی هەرێم دەكەین كە دوو فڕۆكە خانەی هەیەو دەبێت وەك یەك مامەڵەیان لەگەڵ بكات‌و رێگە بەو جیاكارییە نەدات.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە