پەیامی کورد... پارێزگاری هەولێر: ڕێگە بە هیچ کەس نادرێت یاری بە بازاڕ بکات
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: ڕێگە بە هیچ کەس نادرێت یاری بە بازاڕ بکات و نرخی خۆراک و پێداویستی لەسەر هاووڵاتییان گران بکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ناوەند، لە دیوانی پارێزگای هەولێر، بەمەبەستی چاودێریکردنی بازاڕ و ڕێگەگرتن لەو کەس و لایەنانەی یاری بەنرخ و پێداویستییەکانی هاووڵاتییان دەکەن، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ لیژنەی قایمقامیەتی ناوەندی هەولێر و چاودێری ژووری بازرگانی کرا.
بەپێی ڕاگەیەندراوێک لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر، تەئکیدی لە چاودێریکردنی چڕ و وردی بازاڕ و نرخ و کەلوپەل و پێداویستییەکانی هاووڵاتییان کردەوە و لیژنەی قایمقامیەتی ناوەندی بە سەرۆکایەتی قایمقام ڕاسپێررا توندترین ئیجرائات لەگەڵ ئەو کەسانە بکرێت کە نرخی خۆراک و پێداویستییەکان لەسەر هاووڵاتییان زیاد دەکەن.
ئومێد خۆشناو ڕاشیگەیاند: جگە لەو خۆراک و پێداویستییانەی کە لە ئاستی جیهانی نرخەکانیان گران بووە، ڕێگە بە هیچ کەس نادەین بە هەر بڕ و بیانوویەک بێت یاری بە بازاڕ بکات و نرخی خۆراک و کەلوپەل و پێداویستی لەسەر هاووڵاتییان گران بکات.
پارێزگاری هەولێر دەڵێت: لیژنەکانی قایمقامیەتی ناوەند و سەرجەم قایمقامەتە کانی سنووری پارێزگای هەولێر لەدوای ئەم کۆبوونەوەیەوە دەبێت تەواوی هەوڵەکانی خۆیان چڕ بکەنەوە بۆ چاودێریکردنی چڕ و وردی بازاڕ و کۆنتڕۆڵی نرخی خۆراک و کەل و پەل و پێداویسییەکان، هەر خاوەن مارکێت، دووکان، گۆکایەک و کەس و لایەنێک سەرپێچی بکات توندترین ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەردا بگرنە بەر.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە