پەیامی کورد ... پارێزگاری هەولێر : لە دۆخێکی یەکجار مەترسیدارداین و ڤیرووسی کۆرۆنا لە هەموو شوێنەکان بڵاوبووەتەوە
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ژووری ئۆپراسیۆنی پارێزگای هەولێر چەند بڕیارێکی نوێیان دەرکردوون، یەکێک لە بڕیارەکان "قەدەخەیەکی هاتووچۆی سنووردار"ـە و دەشڵێت، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا دەقی بڕیارەکان بڵاودەکەینەوە.
د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ پێنجشەممە سەردانی سایلۆی هەولێری کرد و سەبارەت بە قەدەخەی هاتووچۆ رایگەیاند، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگاری هەولێر لە کاتژمێر ١٠:٠٠ تاوەکو ١٢:٠٠ کۆبووەتەوە و تاوتوێی بەیاننامەی وەزارەتی ناوخۆ و تەندرووستی هەرێمی کوردستان کردووە "چوونکە بەداخەوە ئێستا ئێمە لە دۆخێکی یەکجار مەترسیدارداین و ڤیرووسی کۆرۆنا لە هەموو شوێنەکان بڵاوبووەتەوە".
پارێزگاری هەولێر لەبارەی ئەو بڕیارانەی ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ژووری ئۆپراسیۆنی پارێزگای هەولێر بڕیاریان لەسەرداوە، بە تایبەت قەدەخەی هاتووچۆ گوتی، "لە بڕیارەکاندا هەوڵمانداوە لەنێوان دۆخی تەندروستی و ژیانی هاووڵاتیان هاوسەنگیمان دروستکردووە و قەدەخەیەکی هاتووچۆی سنووردارمان پەیڕەوکردووە".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە