پەیامی کورد ... قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی دەكات بە بۆنەی هەڵبژاردنی بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دەڵێت، "دڵنیام كە لێھاتووی ئەو، سەركەوتنی لە ئەركە قورسەكەی كە بەشێكی بریتی دەبێت لە رێكخستنەوەی نێوماڵی كورد".
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی، "پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی دەكەم بەبۆنەی ھەڵبژاردنی وەك سەرۆكی ھەرێمی كوردستان".
ئاماژەی بەوەشکردوە، "مایەی شانازیم بو كە پێنج ساڵی قورسمان پێكەوە تێپەڕاند، دڵنیام كە لێھاتوی ئەو، سەركەوتنی لە ئەركە قورسەكەی كە بەشێكی بریتی دەبێت لە رێكخستنەوەی نێوماڵی كورد".
پەرلەمانی کوردستان لە کۆبونەوەی ئەمڕۆیدا نێچیرڤان بارزانی بە دەنگی 68 پەرلەمانتار لە کۆی 81 پەرلەمانتاری ئامادەبوی کۆبونەوەکە بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵبژارد.
لە کۆبونەوەکەدا هەریەکە لە فراکسیۆنەکانی یەکێتی و نەوەی نوێ بایکۆتی کۆبونەوەکەیان کرد و فراکسیۆنەکانی کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتوو دەنگ بەهیچ یەکێک لە کاندیدەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نەدا.
پێشتر سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لە راگەیندراوێکدا ناوی کاندیدانی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاشکراکرد، کە بریتین لە هەریەکە لە، (نێچیرڤان بارزانی، ئومێد عەبدولسەلام قادر، محەممەد حەمەساڵح قادر، رێبوار عەزیز مستەفا، هیوا عەبدوڵڵا خدر).
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە