پەیامی کورد .... هۆکاری سست بوونی پێشڕەوییەکانی سوپای ڕوویسا بۆ نا خاکی ئۆکراین
ڕۆژنامەی "مۆسکۆڤسکی کۆمسۆمۆلیتس"ی ڕووسی ڕاپۆرتێکی لەسەر ئاستەنگەکانی بەردەم خێرا پێشڕەوی کردنی سوپای ڕووسیا لە ئۆکراین ی بڵاوکردۆتەوەو تێیدا باسی لەوە کردووە، بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وای دەبینن کە لەگەڵ ئەوەی پڕۆسەکە هێشتا لەسەرەتا دایە، بەڵام لەبەدیهێنانی ئامانجە دیاریکراوەکاندا سەرکەوتوو بووە.
لەبابەتەکەدا هاتووە، "ئەوە چەند ڕۆژێک بەسەر دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی هێزەکانی ڕووسیا لە ئۆکراین دەستیپێکردووە، کە ئەوەش کاتێکی زۆرنییە کە ئەگەربێت و بەراورد بکرێت بەجەنگی قەرەباغ کە لەساڵی ٢٠٢٠ نزیکەی ٤٤ ڕۆژی خایاند، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرکەس پرسیاری ئەوە دەکەن کە ئایا هێزەکانی ڕووسیا بەخاوی پێشڕەوی ناکەن؟".
لەوبارەیەوە فەریقی خانەنشین یەڤگینی یۆجینسکی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ڕووسیا بۆ کاروبارە نێودەوڵەتییەکانو سەرۆکی پێشووی بەڕێوبەرایەتی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان لە وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاندووە، پڕۆسەی سەربازی ڕووسیا لە ئۆکراین بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێوە دەچێت.
جەختیشی کردوەتەوە، ڕووسیا قۆناغی یەکەمی ئۆپراسیۆنەکەی بەسەرکەوتوویی تەواوکردووە.
لەهەمان کاتدا باسی لەوەشکردووە، ئاستەنگی سەرەکی بەردەم خێرایی بەرەوپێش چوونی سوپای ڕووسیا بریتییە لەو فەرمانانەی بەیەکە سەربازییەکانی سوپای ڕووسیا دراوە بەوەی دەبێت زیان و وێرانکردنی شوێنە مەدەنییەکان کەم بکرێتەوە، هەر لەسەر ئەو بنەمایەش هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ناوەندی شارەکان نەدراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، یەکێکی تر لەهۆکارەکانی خێرایی بەڕێوەنەچوونی کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی ئۆکراین بریتییە لەوەی هێزە ئاسمانییەکانی ڕووسیا بەهەموو توانای خۆیەوە کارناکات، لەگەڵ ئەوەی ئەو هێزە لە سووریا بەتەواوەتی بنکەی تیرۆریستانی وێرانکردووە.
بەڕای یۆجیننسکی، کێشە سەرەکی لەکاتی ئۆپراسیۆنەکەی سوپای ڕوسیا لەشاری کیێڤ دەبێت، جەختیشیکردۆتەوە، "شارەکە مامەڵەکردن لەگەڵیدا ئاسان دەبێت، ئەگەر یەک مەرجێکی تێدابێت کە ئەویش بریتییە لە هەڵوێستی دانیشتووانەکەی".
لەهەمانکاتیشدا دەڵێت:"بۆچوونێک هەیە کە دەڵێت سەرکردە ئۆکرانییەکان هیچ گوێ بەوەنادەن کە لەکاتی شەڕەکاندا چی ڕوودەدات، هەر لەسەر ئەو بنەمایەش پردەکان دەتەقێننەوەو ژێرخانی وڵاتەکە وێران دەکەن".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە