پەیامی کورد ... پەرلەمانی كوردستان لە پشووی ھاوینەدایە و سەرۆكی لیژنەی یاساییش ئاشكرای كرد، پشوو بە مانای وەستانی كاری پەرلەمانی نایەت و دەشڵێ، چاودێریكردنی حكوومەت بەردەوامی دەبێت و فڕاكسیۆنی پارتیش ئامادەكاری بۆ چەندین پڕۆژەیاسا دەكات.
بژار كۆچەر، سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان ، ڕایگەیاند: "پشووی پەرلەمان مانای ئەوە نییە كارەكانی پەرلەمان دەوەستن، تەنیا لەو ماوەیەی پەرلەمان لە پشوودایە كۆبوونەوەكان رادەگیرێن، بەڵام پەرلەمانتار و لیژنەكان بەردەوام دەبن لەسەر كارەكانیان، جگە لە كۆبوونەوە ئاساییەكان، ھەموو كارەكانی پەرلەمان وەك خۆی بەڕێوە دەچن".
سەرۆكی لیژنەی یاسایی كە ھاوكات ئەندامی فڕاكسیۆنی پارتیشە، دەڵێت: "لە ماوەی پشوودا ئەگەر بابەتێكی گرینگ و بەپەلە ھاتە پێش، ئەوا پەرلەمان دیسان كۆدەبێتەوە و كۆبوونەوەی نائاسایی بەڕێوە دەچێت، هەروەها پەرلەمان بەردەوام دەبێت لە چاودێریكردنی حكوومەت و بەدواداچوونی كێشەكانی ھاووڵاتیان".
كۆچەر ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ژمارەیەك پڕۆژە ھەن، بە تایبەتی ئەو بەڵێنانەی پارتی لە كاتی بانگەشەی ھەڵبژاردنەكاندا بە خەڵكی كوردستانی داوە، دەكرێنە پڕۆژەیاسا بۆ ئەوەی كاریان لەسەر بكرێت بۆ پەسەندكردنیان، پڕۆژەكان زۆرن و زۆربەشیان پەیوەستن بە ژیانی ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستانەوە، بۆیە لە رۆژانی پشووشدا فڕاكسیۆنی پارتی سەرقاڵی ئامادەكردنی پڕۆژەیە".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە