کرماشان/ پیاوێک هاوژینەکەی و دوو کەسی دیکەی کوشت

کرماشان/ پیاوێک هاوژینەکەی و دوو کەسی دیکەی کوشت

لە کرماشان، پیاوێک بەهۆی کێشەی خێزانییەوە تەقەی لە نووسینگەی پارێزەرێک کرد و بەو هۆیەوە سێ کەس کوژران.

 

بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە ٢ی شووباتی ٢٠٢١، محەمەد رەزا ئامویی، جێگری فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، لە نووسینگەی پارێزەرێک، کە بەرامبەر بەڕێوەبەرایەتیی دادی پارێزگای کرماشانە، کەسێک کە لە دادگای کرماشان دۆسیەی هەبووە، تەقەی لە نووسینگەی پارێزەرەکە کردووە، به‌هۆیه‌وه‌ یەکێک لە شایەتحاڵانی دۆسیەکەی کە برای هاوسەرەکەی بووە، دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.

 

هاوکات ئەو پیاوە هاوسه‌ر و پارێزەرەکەشی بریندار كردووه‌، بەڵام دوای ئەوەی دەبرێنە نەخۆشخانە، گیان لەدەستدەدەن.

 

بە وتەی جێگری فەرماندەی پۆلیسی کرماشان، رووداوەکە دوای ئەوە بووە کە ژنەکە لەگەڵ شایەتحاڵی دۆسیەکەی و پارێزەرەکەی، لەسەر دۆسیەی کێشەی خێزانی لە دادگا بوون و دوای ئەوەی لە دادگا دەگەڕێنەوە و دەچنە نووسینگەی پارێزەرەکە، لەوێ هاوسەری ژنەکە دەگاتە سەریان و تەقەیان لێدەکات. پۆلیسی کرماشانیش دەڵێت، بکوژەکە دەستگیرکراوە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە