پەیامی کورد... کۆریای باکوور مووشەکی بالیستی تاقی کردەوە
حکومەتی ژاپۆن ڕایگەیاند، کۆریای باکوور مووشەکێکی بالیستی تاقی کردووەتەوە.
وەزارەتی بەرگریی ژاپۆن ڕایگەیاند کە کۆریای باکوور مووشەکێکی بالیستی بەرەو دەریای ژاپۆن (دەریای ڕۆژهەڵات) ئاراستە کردووە.
مووشەکەکە ٥٥٠ کیلۆمەتر بەرز بووەتەوە، تا ٣٠٠ کیلۆمەتر ڕۆیشتووە و لە دەرەوەی ناوچەی ئابووری نیشتمانیی تایبەت بە ژاپۆن کەوتووەتە خوارەوە.
وەزیری بەرگریی ژاپۆن، کیشی نۆبوۆ ڕایگەیاند، یاداشتنامەی دیپلۆماتییان داوە بە ئیدارەی پیۆنگیانگ لەبارەی تاقیکردنەوەی مووشەکەکە.
کیشی نۆبوۆ تاقیکردنەوەکەی بە "بەتەواوی قبوڵنەکراو" لەقەڵەمداوە و دەڵێت "تاقیکردنەوەکە هەڕەشەیە لەسەر ئاسایش و ئاشتی وڵات و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی".
ئەنجامدانی تاقیکردنەوە مووشەکییەکە بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆریای باشوور لە نۆی ئادار بووەتە جێی سەرنج.
بەم جۆرە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا، کۆریای باکوور بۆ نۆیەمین جار تاقیکردنەوەی مووشەکی بالیستی ئەنجام داوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە