ئێران لە سێ مانگدا 48 بەندکراوی کورد لەسێدارە دەدات

ئێران لە سێ مانگدا 48 بەندکراوی کورد لەسێدارە دەدات

پەیامی کورد... ئێران لە سێ مانگدا 48 بەندکراوی کورد لەسێدارە دەدات


ناوەندێکی مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئاشکرای دەکات رێژەی لەسێدارەدانی بەندکراوانی کورد نزیکەی سێ هێندە زیادی کردوە و لە سێ مانگدا نزیکەی 50 کەس لەسێدارە دراون کە سێ کەسیان بەندکراوی سیاسیی بون.

ناوەندی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە؛ لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 48 بەندکراوی کورد لە زیندانەکانی ئێران لەسێدارەدراون کە بەراورد بە ساڵی رابردو رێژەی لەسێدارەدانی بەندکراوانی کورد 270% زیادی کردوە.

ناوەندەکە ئاماژەی بەوە کردوە لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا لانیکەم 141 کەس لە سەرتاسەری ئێران لەسێدارەدراون و 34% سەرجەم لەسێدارەدراوانی زیندانەکانی ئێران کورد بون.

بە پێی ئامارەکان لە سێ مانگی ساڵی رابردو 13 کورد لە ئێران لەسێدراەدراون بۆیە رێژەی لەسێدارەدانی بەندکراوانی کورد لە سێ مانگی ئەمساڵدا 270% واتە نزیکەی سێ هێندە بەرزبوەتەوە.

هەنگاو ناوی سێ بەندکراوی سیاسیی بڵاو کردوەتەوە کە لەو سێ مانگەدا لە زیندانەکانی کەرەج و کرماشان و ورمێ لەسێدارەدراون.

لە زیندانی ورمێ 19 بەندکراوی کورد لەسێدارە دراون و لە زیندانی سنە سێ بەندکراو و لە زیندانی ئیلام دوو بەندکراو و لە کەرەج و بەندەرعەباس و ئەراک و چەند شارێکی دیکە 16 بەندکراوی کورد لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا لەسێدارە دراوە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە