وەزیری بەرگری ئیتاڵیا لە لایەن سەرۆکی هەرێمەوە پێشوازی لێکرا

وەزیری بەرگری ئیتاڵیا لە لایەن سەرۆکی هەرێمەوە پێشوازی لێکرا

پەیامی کورد    ...    لۆرێنزۆ گوێرینى، وەزیرى بەرگریى ئیتالیا و شاندێکی یاوه‌ری، ئێوارەى دوێنێ سێشەممە ١٧/١٢/٢٠١٩  لە هەولێر، لە لایەن نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان ەوە پێسوازیان لێکرا .

سەرۆکى هەرێمى کوردستان نێچیرڤان بارزانى جەختى کردەوە کە سەرهەڵدانەوەى تیرۆر لە عێراق و ناوچەکە مەترسییەکى ڕاستەقینەیە و هەڕەشە لە ئاسایشى جیهانیش دەکات، بۆیە بەردەوامی هاوکارى و هەماهەنگی نێودەوڵەتى بۆ بەرەنگاربوونەوەى ئەو هەڕەشەیە بە ئەرک و پێویست زانى.

لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ لۆرێنزۆ گوێرینى، وەزیرى بەرگریى ئیتالیا و شاندێکی یاوه‌ری، ئێوارەى دوێنێ سێشەممە ١٧/١٢/٢٠١٩  لە هەولێر، نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان سوپاسى ئیتالیاى کرد بۆ ئەو هاوکارى و پشتگیرییە سەربازییانەى کاتى شەڕى داعش له‌ چوارچێوه‌ى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیدا پێشکەش بە هەرێمى کوردستانى کرد و ڕۆڵى پسپۆڕانى سەربازی ئیتالى لە مەشقپێکردن و ڕاهێنانى پێشمەرگە به‌رز نرخاند.

لاى خۆیەوە گوێرینى ڕێز و پێزانینى ئیتالیاى بۆ هەرێمى کوردستان و پێشمەرگە دووپات کردەوە کە لە شەڕى دژى تیرۆر و تێکشكاندنى داعشدا ڕۆڵیکى گەورەیان بینى و بەرگرییان لە هەموو پێکهاتەکانى هەرێمى کوردستان کرد، هەروەها بەردەوامیى پشتگیری ووڵاتەکەى بۆ هەرێمى کوردستان و عێراق لە بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر و پاراستنى ئارامى و سەقامگیریى ناوچەکە، نیشان دا.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا که‌ جێگرانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، وه‌زیرانی پێشمه‌رگه‌ و ناوخۆ و ژماره‌یه‌ک له‌ به‌رپرسانی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، باڵیۆزى ئیتالیا له‌ عێراق و كونسولى ئیتالیا له‌ هه‌ولێر و ژماره‌یه‌ك له‌ پله‌داران و ڕاوێژكارانى ئیتالى ئاماده‌ی بوون، هاریکارى و هەماهەنگیى ئەمنیى نێوان هەرێمى کوردستان و حکوومەتى فیدراڵى عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى مەترسییەکانى تیرۆر، دوایین دۆخى عێراق و خۆپیشاندانەکانى بەغدا و پارێزگاکانى دیکەى ووڵات، پێشهاتەکانى سووریا و دۆخى ناوچەکە بەگشتى، تاوتوێ كران.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە