ئەگەری مەترسی لە چێرنۆبڵ نزیکە

ئەگەری مەترسی لە چێرنۆبڵ نزیکە

پەیامی کورد... ئەگەری مەترسی لە چێرنۆبڵ نزیکە

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ڕایگەیاند، ئەو سیستەمەی تایبەت بوو بە کاری ‏چاودێریکردنی لەدوورەوەی ماددە ئەتۆمییەکانی چێرنۆبڵ، وەستاوە لە ناردنی ‏زانیارییەکان، ئەوەش نیگەرانیی دروست کردووە.‏

وێستگەی ئەتۆمیی چێرنۆبڵ، وێستگەیەکی نزیک لە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینایە، کە لە ‏ساڵی ١٩٨٦دا خراپترین ڕووداوی ئەتۆمیی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا تێدا ڕوویدا، هەر ‏لە یەکەم ڕۆژی هێرشی ڕووسیا بۆسەر ئۆکراینا، ئەو ناوچەیە لەلایەن هێزە ڕووسییەکانەوە ‏کۆنترۆڵ کرا.‏

ڕافایێل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی سەر بە نەتەوە ‏یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، «ناردنی داتا و زانیارییەکان لەلایەن ئەو سیستەمەی کە ‏لە دوورەوە چاودێریی پارێزراوی و «گەرەنتی» ی وێستگەی ئەتۆمیی چێرنۆبڵمان پێدەکرد، ‏وەستاوە لە کارکردن».‏

‏ «گرەنتی» زاراوەیەکە ئاژانسی وزەی ئەتۆم بەکاریدەهێنێت بۆ ئەو تەکنیکەی بە کاری دەهێنن ‏بۆ ماددە و چالاکییە ئەتۆمییەکان، بە ئامانجی ڕێگریکردن لە هەر بڵاوبوونەوەیەکی چەکی ‏ئەتۆمی لەڕێگەی ئاشکراکردنی خێرا و بەپەلەی هەر بەکارهێنانێکی خراپ، یان هەڵە.‏

تا ئێستا ٢٠٠ کەس لە کەسانی هونەری و پاسەوانەکان لە وێستگەی چێرنۆبڵ ماونەتەوە، ‏لە ماوەی ١٣ ڕۆژی دەستبەسەرداگرتنی لەلایەن ڕووسیاوە کار دەکەن.‏

لەوبارەیەوە ئاژانسی وزەی ئەتۆم داوای لە ڕووسیا کرد ڕێگەبدات بە کارمەندانی ئەو ‏وێستگەیە ئاڵوگۆڕی کاتی کارەکانیان بکەن لەگەڵ هاوکارەکانی دیکەیان، هەروەها کاتی ‏کار و پشوویان هەبێت، ئەمەشی وەک مەرجێک بۆ سەلامەتی و پارێزراویی وێستگەکە ‏داناوە.‏

گرۆسی هۆشداریشیدا لەوەی دۆخی کارمەندانی وێستگەکە سەخت و ماندووکەرە، بۆیە ‏ئەگەری دروستکردنی مەترسی لەلایەن وێستگە ئەتۆمییەکەوە ئەگەرێکی نزیکە.‏

هەروەها ڕایگەیاندووە، ناردنی داتا و زانیارییەکان بۆ یەکەی چاودێریکردن لە ئۆکراینا لە ‏وێستگەکەوە پچڕاوە، تەنیا لەڕێگەی پۆستەوە دەتوانن پەیوەندییان بە وێستگەکەوە هەبێت، ‏بۆیە داوای سەردانکردنی ئەو وێستگەیە یان هەر ناوچەیەکی دیکەی کرد لە وێستگە ‏کارەباییەکانی ئۆکراینا کە بە وزەی ئەتۆمی کار دەکەن، بەمەبەستی دڵنیابوونەوەی هەموو ‏لایەک لە سەلامەتی و پارێزراوی.‏

ڕۆژی هەینیش سوپای ڕووسیا کۆنترۆڵکردنی وێستگەی زاپۆرژیای باشووری ڕۆژهەڵاتی ‏ئۆکراینایان کرد، کیێڤ ڕووسیای بە بۆدرومانکردنی وێستگەکە و هۆکاری کەوتنەوەی ‏ئاگر لەو وێستگەیە تۆمەتبار کرد.‏

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە