پارتی له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی داهاتووی عێراق‌ داوایه‌ك له‌ لایه‌نه‌كان‌ ده‌كات

پارتی له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی داهاتووی عێراق‌ داوایه‌ك له‌ لایه‌نه‌كان‌ ده‌كات

پەیامی کورد … پارتی له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی داهاتووی عێراق‌ داوایه‌ك له‌ لایه‌نه‌كان‌ ده‌كات

 

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیاندراوێکی سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و بەشداری کۆی لایەنە سیاسییەکان لەم پرۆسەیە بڵاو کردەوە.

 

ئەمڕۆ شەممە ١٤ی٨ی٢٠٢١، مەحمود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە: "لە ئەنجامی داواکاری خۆپیشاندەرانی پارێزگاکانی عێراق، بابەتی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بوو بە داواکاری زۆرینەی جەماوەر بەلایەنە سیاسییەکانیشەوە، ئەم داواکاریەش لەروانگەی جارەسەرکردنی ئەو قەیرانە سیاسییانەی کە دووچاری پرۆسەی سیاسی عێراق ھاتبوون و لە ئاکامیشیاندا کۆمەڵێک کێشەی کەڵەکەبووی بواری ئابووری و خزمەتگوزاری بەبێ چارەسەر مابوونەوە، سەرچاوەی گرتووە".

 

دەشڵێت: "بۆ دەربازبوون لەو قەیرانانە و دۆزینەوەی رێگاچارەی گرفت و کێشەکانی ھاووڵاتیانی عێراق بەشێوەیەکی گشتی، ھەڵبژاردنی پێشوەختە و دروستکردنی کابینەیەکی نوێی حکومەتی فیدڕاڵی بە فاکتەرێکی باش زانرا و، بڕیاڕی لەبارەوە درا. بەڵام ھەندێک لایەن، لە ئاکامی زیادبوونی کێشە و گرفتەکان و لێکدانەوەی ھەندێ لایەنی بەرچاو لە چۆنیەتی دروستبوونی کێشەکان، رایانگەیاند کە بەشداری لە ھەڵبژاردنی پێشوەختە ناکەن. بە رای پارتیمان ئەنجامدانی ھەڵبژاردن و بەشداری کۆی لایەنە سیاسییەکان دەروازەیەکە بەرەو چارەسەرکردنی کێشەکان و بەدیھێنانی داواکاری خەڵکی عێراق، ھەروەھا بۆ ھاوکاری پرۆسەی سیاسی و پاراستنی لە چەقبەستوویی".

 

ئاماژەشی بەوەداوە، "بۆیە ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، داوادەکەین لە بەڕێزان لە تەیاری سەدری و ھەر ٢٦ لایەنی دیکەی کە رایانگەیاندووە بەشداری ھەڵبژاردن ناکەن، لە پێناو بەرژەوەندی ھاووڵاتیانی عێراق بەبڕیارەکەیاندا بچنەوە و بەشداری لە ھەڵبژاردن بکەن وەکو داخوازییەکی ھاووڵاتیان و پێویستییەکی ھەنوکەییش بۆ خزمەت گەیاندنی زیاتر بە پرۆسەی سیاسی عێراق و حکومڕانیەکی باش و تەندروست".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە