پەیامی کورد … ٣٤ ساڵ بەر لەئێستا سەردەشت کیمیایی باران کرا
34 ساڵ لەمەوبەر و ڕێکەوتی 1987/6/28 لە کاتی شەڕی ئێران و عێراقدا حکوومەتی ڕووخاوی بەعس، شاری سەردەشتی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان بە کیمیایی بۆردومان کرد و تێیدا 110 کەس شەهید بوون و هەشت هەزار کەسیش ژەهراوی بوون.
لەو بۆردومانەدا جەماوەری بێتاوانی شاری سەردەشت زۆرترین قوربانیی مەدەنی دا و 110 کەس شەھید بوون و هەشت ھەزار کەسیش بڕیندار بوون کە تاکوو ئێستاش بەرکەوتوانی کیمیاییەکە گیانیان لەدەست دەدەن و بریندەکانیان ساڕێژ نەبووە.
ساڵی 1987، و لەگەڵ لێدانی کیمیایی لەسەردەشت وڵاتانی نێودەوڵەتی گوشاریان بۆ سەدام نەھێنا و بێدەنگییان لێکرد، وەکوو چۆن دواتر لە ھەڵەبجەش کارەسات و کوشتاری کوردان، بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەردەوام بوون.
ھەموو ساڵێک لە ڕێوڕەسم و یادی کیمیابارانی سەردەشت و ھەڵەبجەدا لەو دوو شارەوە شاندی فەرمی بەشداری دەکەن و پەیامی ئاشتی و ھاوخەمی بە کەسوکاری شەھیدان و قوربانیان دەگەیەنن.
ئەمساڵ بەهۆی بوونی پەتای کۆرۆناوە شاندی سەردەشت و هەڵەبجە بەشدارییان لە ڕیوڕەسمی یەکتردا نەکرد و دوێنێ یەکشەممە کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک هاوخەمییان لەگەڵ کەسوکاری قوربانیانی کیمیابارانی سەردەشت دەربڕی.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە