ساڵیادی ڕووخانی کۆماری پەت و سێدارە پیرۆز بێ

ساڵیادی ڕووخانی کۆماری پەت و سێدارە پیرۆز بێ

پەیامی کورد  ...   ئەمڕۆ 9.4.2019، 16ـەمین ساڵیادی رووخاندنی ڕژێمی بەعسی عێراقە، کە هەزاران تاوانی دژە مرۆڤایەتی و جەنگی دژی گەلی کوردستان ئەنجام دا.

ئۆپراسیۆنی رزگارکردنی عێراق لە رژێمی بەعس، لەلایەن وڵاتانی ھاوپەیمان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا، رۆژی 20.3.2003 دەستی پێکرد.

رژێمی بەعسی عێراق، کە سەدام حسێن سەرۆکایەتی دەکرد، لە ساڵی 1968ـەوە بەشێوەیەکی دیکتاتۆرییانە تاوەکو ساڵی 2003 حوکمڕانی عێراقی کرد.

هێزەکانی هاوپەیمانان لە باشووری عێراقەوە بەرەو شاری بەغدا پێشڕەوییان کرد و لەماوەی چەند رۆژێکدا، زۆربەی شارەکانی باشووری عێراق رزگار کرانەوە.

رۆژی 3.4.2003، هێزەکانی هاوپەیمانان دەستیان بە ئۆپراسیۆنی ڕزگارکردنەوەی شاری بەغدا کرد و لە رۆژی 9.4.2003 شارەکەیان رزگار کرد و پەیکەری سەدام حوسێن‌یان لە گۆڕەپانی فیردەوس لە بەغدا، شکاند و هێنایه‌ خوارەوە و ئەمریکا کۆتایی هاتنی رژێمی بەعسی راگەیاند.

رۆژێک دواتر، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە پشتیوانیی هاوپەیمانان، شاری کەرکووکیان رزگار کرد و کۆتاییان بە داگیرکاریی بەعس لەو شارەی کوردستان هێنا.

لە ماوەی نێوان 20.3.2003 تاوەکو 11.4.2003، هاوپەیمانان، کە پێشمەرگە بەشێک بوو لە هێزەکانی، هەموو خاکی عێراقیان رزگار کردەوە و کۆتاییان بە زەبروزەنگی رژێمی بەعس هێنا.

بەعس، کە لە ساڵی 1968 تاوەکو 1991 حوکمڕانی کوردستانی کرد، سیاسەتی سوتماککردنی کوردستانی پەیڕەو کرد و وێڕای ئەنفالکردن 182 هەزار هاووڵاتی کورد، ئەنفالکردنی هەشت هەزار بارزانی، شەهیدکردنی پێنج هەزار هاووڵاتیی هەڵەبجە بە گازی کیمیاوی، نزیکەی پێنج هەزار گوندی باشووری کوردستانیشی وێران کرد.

دوای خۆشاردنەوەی بۆ ماوەی چەند مانگێک، رۆژی 6.12.2003، سەدام حوسێن‌ی سەرۆکی رژێمی بەعس لە چاڵێکدا لە باخچەیەکی سنووری شاری تکریت دەستگیر کرا و دوای دادگایی کردنی، لە رۆژی 5.11.2006 دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاند.

سەدام حوسێن لە رۆژی 30.12.2006 لە شاری بەغدا لە سێدارە درا.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە