سەڵاح مەندەلاوی : ئەمریکا کەسایەتی سەر بە داعش لە پەرلەمانی داهاتووی عێراق جیگیر دەکات

سەڵاح مەندەلاوی : ئەمریکا کەسایەتی سەر بە داعش لە پەرلەمانی داهاتووی عێراق جیگیر دەکات

ئەندامێكی هاوپەیمانی فەتح كە بە لیستی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی هەژمار دەكرێ، هێرشی دەکاتە سەر ئەمریكا و ئاشكرای دەکات کە ، ئەمریكا دەیەوێ كەسایەتیی سەر بە داعش لە پەرلەمانی داهاتوو بوونیان هەبێ ، جیا لەوەش بە فراوانی پلانی داڕشتووە تا ساختەكاری لە هەڵبژاردنی عێراق بكات و ئەنجامەكان بگۆڕێت.
سەڵاح مەندەلاوی ئەندامی هاوپەیمانی فەتح كە هادی عامری سەرپەرشتیاری حەشدی شەعبی سەرۆكایەتی دەكات لە لێدوانێكدا ڕایگەیاند، ترسی زۆرمان لە ساختەكاری هەیە و ئەمەریكا پلانی داڕشتووە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بگۆڕێ و یاری بە دەنگی دەنگدەران بكات، ساختەكارییەكەی ئەمریكایش بۆ پشتیوانی ئەو لیست و كاندیدانەیە كە پێشتر لەگەڵ داعش پێوەندییان هەبووە.
زیاتر گوتی، واشنتن دەیەوێ كەسانی سەر بەخۆی چەندان كورسیی پەرلەمان بەدەست بهێنن تا ئاگاداری تەواوی وردەكارییەكان بن، لەبەر ئەوە بە وردی كار بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەكەن، لە كاتی پرۆسەی ژماردنی دەنگەكانی ناوەوە و دەرەوەی ووڵات.
مەندەلاوی داوای لە حكوومەتی عێراق كرد، پێویستە بە پەلە بكەوێتە جموجۆڵ و ئەو پێشێلكاری و پلانانە بوەستێنێت، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەكە شەفاف و بێگەرد بێ.
پێشتریش محەمەد سەیهوود پەرلەمانتاری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ئاشكرای كردوە کە ، ئەو ئامێرەی دەنگەكانی لە ناوەندی نیشتمانی كۆمیسیۆن پێ دێتە ژماردن، لەلایەن ئەمریكاوە هێنراوەتە عێراق و بە ئاسانی دەتوانرێ هاك بكرێ و یاری بە ئەنجامەكان بكەن.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە