پەیامی کورد ... سەنگەرەکانی پێشەوەی هیزی پێشمەرگە لە لایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە بەسەر کرایەوە
شاندێکی سەربازی هاوپەیمانان بە مەبەستی ھەڵسەنگاندنی دۆخی ئەمنی سەردانی سەنگەرەکانی پێشەوەی پێشمەرگەیان کرد و لەلایەن سیروان بارزانییەوە پێشوازییان لێکرا.
ئەمڕۆ شەممە شاندێکی سەربازی ھاوپەیمانان کە پێکھاتبوون لە راوێژکارانی ھەر یەک لە ووڵاتانی ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئاڵمانیا، كەنەدا، ھۆڵەندا و فینلەندا سەردانی بارەگای میحوەری ٦ ـی سەنگەرەکانی پێشەوەی پێشمەرگەیان کرد.
سیروان بارزانی، سەرپەرشتیاری میحوەری مەخموور - گوێڕی هێزی پێشمەرگە لە پەڕەی فەیسبووکی خۆی لەبارەی سەردانەکەوە رایگەیاند: "شاندەکە بە سەرپەرشتی کۆلۆنێل لایێنچ، بەرپرسی ھێزە تایبەتیەکانی ئەمریکا لە عێراق و کۆلۆنێل ویلیامس، بەڕێوبەری سەنتەری ھاوئاهەنگی ھاوپەیمانان لە کوردستان و کۆلۆنێل کلین، فەرماندەی دەستەی باڵای سەنتەری راوێژکارانی ھاوپەیمانان لە کوردستان بووە".
لەبارەی ئامانجی سەردانەکە سیروان بارزانی دەڵێت: "سەردانەکە بە مەبەستی ھەڵسەنگاندنی دۆخی ئەمنی و گرتنەبەری رێکار و ھەنگاوی پێویست بۆ ووڵامدانەوەی ھەر جووڵە و کردەیەکی تیرۆریستانی داعش بووە".
لە رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی رابردووش، فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان ٢٨ جار داعشیان بۆردوومانکرد و ١٠ بنکەیانی خاپوورکرد.
لە ماوەی چەند مانگی رابردووشدا جمووجۆڵی چەکدارانی داعش لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان زیادیکردووە و داعش بەردەوامە لە هێرش و پەلامار و دانانەوەی بۆسەکانی.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە