١٥ ساڵە چەند كەسێك حوكمی عێراق دەكەن و سەركەوتوو نەبوون

١٥ ساڵە چەند كەسێك حوكمی عێراق دەكەن و سەركەوتوو نەبوون

پەیامی کورد    ...    دكتۆر مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری دیاری كورد، سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای عێراق، دەڵی، ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ، وێڕای نەبوونی خزمەتگوزاری، ململانێی لایەنە عێراقییەكانیشە بە تایبەت شیعەكان. لە بارەی دەستووریشەوە روونی دەكاتەوە، وێڕای بوونی چەندین ماددەی گرینگ بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵام چەند ماددەی تێدایە لاستیكین و لایەنی دیكەی عێراق سوودمەندن لێی.

دكتۆر مەحموود عوسمان، رایگەیاند، ١٥ ساڵە چەند كەسێك حوكمی عێراق دەكەن و سەركەوتوو نەبوون، ئەوە جیا لە مللانێی هێزەكان، بە تایبەت نێوماڵی شیعەكان لە نێوخۆی خۆیاندا هۆكاری دیكەی كێشەكانن.

هەندێ لایەن بانگەشەی گۆڕینی دەستووری عێراق دەكەن، ناوبراو پێیوایە وێڕای بوونی چەندین بڕگە و ماددەی گرینگ، كە بریتین لە دیموكراسی و ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و دەسەڵاتەكان و هەندێ ماددەش كە تێیاندا مافەكانی هەرێمی كوردستانیان پاراستووە، بەڵام هەندێ كەموكوڕیش لە دەستووردا هەن، هۆكاری ئەوەش دەگێڕێتەوە بۆ ئەوەی، ئەو كەسانەی دەستووریان نووسیوەتەوە سیاسی بوون، نەك یاسایی، نموونەش بە ماددەی ٧٦ دێنێتەوە، كە دەڵێ، ئەو كوتلەیە حكوومەت پێكدەهێنێت كە زۆرینەیە، ئیدی روون نەكراوەتەوە، ئایا ئەو لیستەی لە هەڵبژاردن زۆرینە دەبێت، یا لە ئەنجوومەنی نوێنەران كە چەند لیستێك هاوپەیمانی پێكدێنن و دەبنە زۆرینە!

دكتۆر مەحموود، ئەو ماددەیەش بە سوودی شیعەكان ناوزەد دەكات، كە هەمیشە كێشە بووە بۆ پێكهاتەكانی دیكەی عێراق، دەشڵێ، ماددەی دیكەش زۆرن، كە لاستیكین و هەر لایەنە و بە ئارەزووی خۆی چۆنی بوێ، لێكدانەوەی بۆ دەكات، كە لەوەشدا شیعەكان سوودمەند بوون.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە